Skip to main content
Skip to footer
لە مەڵبەندی کوردۆلۆجی ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان بۆ دوو خانمی خانەنشین سازکرا
July 23, 2024-Event
ڕۆژی سێشەممە ٢٣/٧/٢٠٢٤ لە مەڵبەندی کوردۆلۆجی زانکۆی سلێمانی بەبۆنەی خانەنشین بوونی هەر دوو خانمی بەڕێز (شوکریه حەسەن غڵام) و (ڕووناك محمد ئەمین محەمەد ) ەوە ڕێوڕەسمێك سازکرا.
لەسەرەتای ئەو ڕێوڕەسمەدا کە ستافی ئەکادیمیی و فەرمانبەرانی مەڵبەندی کوردۆلۆجی ئامادەی بوون، (د.عوسمان قادر ئەحمەد) بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی لە وتەیەکی کورتدا سوپاس و پێزانینی دەربڕی بۆ ئەو دوو خانمە چوست و چالاکە کە لە یەکەم ڕۆژی دامەزراندنیانەوە وەك کارگوزار تا خانەنشین بوونیان دڵسۆزانە و لەخۆبردووانە لە مەڵبەندی کوردۆلۆجی خزمەتیان کردووە وسوپاس و پێزانینی بۆ دەربڕین لەپای ئەو خزمەتە دیار وبەرچاوەیان وهیوای تەندروستیی وئاسودەیی بۆ هەر دوو خانمی دڵسۆز و ماندوونەناس خواست لە قۆناغی نوێی ژیانیان پاش ساڵانێکی زۆر لە کار و خزمەت لە کەرتی گشتییدا.
هاوکات فەرمانبەران و ستافی ئەکادیمیی مەڵبەند خۆشحاڵیان دەربڕی بە سازکردنی ئەو ڕێزلێنانە کە بووە دەرفەتێك بۆ ئەوەی بەخۆشیی ئەو دوو خانمە بەڕێزەوە هەمووان کۆببنەوە و ڕێز و سوپاس و پێزانینیان بۆ دووبارە بکەنەوە پاش بەسەربردنی ساڵانێکی زۆر لە پێکەوەبوون لە کاتەکانی دەوامی ڕەسمیی و ئەو خزمەتە بەرچاوەی کردوویانە لە ڕایی کردنی ئەرکی ڕۆژانەیاندا.
دواتر بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی بڕوانامەی ڕێزلێنان وچەپکە گوڵی سوپاسگوزاریی پێشکەش کردن لەپای دڵسۆزیی وکارامەییان لە ماوەی ساڵانی خزمەتکردنیاندا لە مەڵبەندی کوردۆلۆجی. بە وێنەگرتنی بەکۆمەڵ و وێنەی یادگاری لە ئۆفیسی بەڕێوەبەر کۆتایی بەو ڕێوڕەسمە هات.