Address: New campus, As Sulaymaniyah, Iraq

Call us: 964533203093

Write to us: [email protected]

University of Sulaimani
Kurdology Center

مەڵبەندی کوردۆلۆجی زانکۆی سلێمانی، پانێڵی ( دەستوری ڕۆژئاڤای کوردستان، هەڵسەنگاندنی زانستییانەی تیۆری و چەمکە بنچینەییەکان) ی ڕێکخست

Img 60c6eef5fb7186aab7762827c0fea8cc V

ڕۆژی ٢٩ /٤ /٢٠٢٤، مەڵبەندی کوردۆلۆجی زانکۆی سلێمانی لەهۆڵی داود بەگی جاف بە ئامادەبوونی بەشێك لە ئەکادیمیستانی زانکۆی سلێمانی و سیاسەتمەداران و نووسەران و ڕۆشنبیران و چالاکوانانی کوردستان، پانێڵی (دەستوری ڕۆژئاڤای کوردستان، هەڵسەنگاندنی زانستییانەی تیۆری و چەمکە بنچینەییەکان)ی ڕێکخست، کە بووە جێی بایەخی ڕووماڵکردنی میدیایی چەند کەناڵ و دەزگایەکی میدیایی ئاسمانیی و ئەلکترۆنیی ناوخۆیی.

    لەو پانێڵەدا، کە سەرەتا بە ساتێك وەستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، پ.د. شۆڕش حەسەن عومەر و پ.ی.د.محەمەد سابیر کەریم و م.هەڵوێست عەبدوڵڵا کەریم و خاتوو بێریڤان مەحمود محەمەد، چوار بابەتیان پێشکەشکرد بۆ ئاشناکردنی ئامادەبووان بەچەند ڕەهەندێکی ئایدۆلۆژیی و مرۆیی و ڕەگەزیی و ڕامیاریی و ئابووریی و کارگێڕیی و کۆمەڵایەتیی و یاسایی و دادوەریی و ژینگەیی ئەو بەڵگەنامە نووسراوەی کە لە ڕۆژئاڤای کوردستان ناونراوە “گرێبەستی کۆمەڵایەتیی”.

  لەو بارەیەوە لە پانێڵەکەدا جەختکرایەوە لەسەر گرنگیی ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییە کە وەك دەستووری ڕۆژئاڤای کوردستان لێی دەڕوانرێت بۆ هەلومەرجی سیاسیی و ئابووریی هەنووکەیی و ئاییندەیی سوریا بەگشتیی و ڕۆژئاڤای کوردستان بەتایبەتیی.

    بەپێی بەرنامەی کاری پانێڵەکە، بابەتەکەی پ.د. شۆڕش حەسەن بریتی بوو لە (پرەنسیپە دەستورییە گرنگەکانی گرێبەستی کۆمەڵایەتیی ڕۆژئاڤا)، تیایدا ئەو ئەکادیمیستە ناسراوەی زانکۆی سلێمانی چەندین ماددە و بڕگەی لە دەستوورەکەدا خوێندەوەو بەبایەخەوە باسی لە داڕشتنی ئەو ماددانە کرد بۆ چەسپاندنی بنەماکانی سەروەریی یاسا و ڕێزگرتن لە زمان و تایبەتمەندیی پێکهاتە نەژادیی و ئاینیی و مەزهەبییەکان و بەشداریی ڕاستەقینە و هاوسەنگی ژنان لە سەرۆکایەتیی و بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان و سەربەخۆیی دادگاکان و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و ئابووریی خۆژێن و ڕاپرسیی وەك بنەمای یاسادانان و پاراستنی سامانە گشتییەکان و دابەشکردنی دادپەرەوەرانەی داهاتەکان و چەندین بابەتی تر کە بۆ پەیڕەوکردنی حوکمڕانییەکی سەرکەوتوو لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت پێویستن.

   دواتر پ.ی.د. محەمەد سابیر بابەتێکی پێشکەشکرد بە ناونیشانی (ڕاڤەی تیۆرییانەی چەمکە ڕامیارییەکانی گرێبەستی ڕۆژئاڤای کوردستان)، تیایدا دووپاتیکردەوە کە ئەو دەستورە هەنگاوێکی باش و نموونەیەکی جوان و پڕ داهێنان و لایەنگەلی ئەرێنین. هەروەها لە چوارچێوەیەکی زانستییدا چەند سەرنج و ڕەخنە و تێبینییەکی خستەڕوو لەسەر ڕەهاگەرایی و بەهەڵە بەکارهێنانی هەندێك لەو چەمکانەی لە دیباجەی دەستوورەکە و چەند ماددە و بڕگەیەکیدا هاتوون، وەك دیموکراسیی نەتەوەیی و گەل و مۆدێرنێتەی سەرمایەداریی و یەکێتیی ڕاستینەی پێکهاتە جیاوازەکان و کۆنفیدراڵیی و ئەنجومەنەکانی گەل وچەند چەمکێکی تر. هاوکات ئەکادیمیستەکەی زانکۆی سلێمانی چەندین سەرنج و ڕاسپاردە و پێشنیازی خستەڕوو بۆ چارەسەکردنی ئەو کەموکورتییە زانستییانەی لە زاراوەسازیی دەستوورەکەدا دەستنیشانی کردن و داوایکرد بە پێداچوونەوەی ورد و هەڵوەستەکردنی قوڵ مامەڵەیەکی باشتر بکرێت لەگەڵ چەمك و زاراوەکانی دەستوورەکەدا بەو چەشنەی لە ڕووی ڕامیاریی و یاسایی و کارگێڕییەوە تەم و مژ و ناڕوونیان تێدانەمێنێت و باشترین کاریگەرییان هەبێت بۆ دەستنیشانکردن و یەکلاکردنەوەی ئەرك و مافەکان و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی دەزگا و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرێتیی خۆسەری لە ڕۆژئاڤادا.

لە بڕگەی سێهەمی بەرنامەی پانێلەکەشدا، خانم هەڵوێست عەبدوڵڵا سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادبوون و مامۆستای زانکۆ، بابەتێکی پێشکەشکرد بەناوی ( پێگەی ژن لە دەستوری ڕۆژئاڤای کوردستاندا )، تیایدا سەرەتا ئامادەبووانی ئاشناکرد بە پاشخان و وەرچەرخانی گەورەی داڕشتنەوەی مافە بنەڕەتییەکانی ژنان لەو بەشەی نیشتماندا لە کۆنفرانسی ژنەوە لە ساڵی ١٩٩٣ دا لە زەڵێ تا دەگاتە ساڵی ٢٠١٤ و پەسەندکردنی یاسای ژمارە ٢٢ لە کانتۆنی جزیرە، کە ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەبووە بەسەر دەستوری ڕۆژئاڤاوە. پاشان ڕوونیکردەوە کە ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییە کاردەکات لەسەر بنەمای پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی هاووڵاتیان لە بچووکترین یەکەی کۆمەڵایەتییەوە بەناوی کۆمۆنەوە و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سامانە سروشتییەکان و داهاتەکانیان و پاراستنی مافی نەوەکانی داهاتوو و یەکسانیی نێوان ژن و پیاوو بەهادانان بۆ خێزان و ڕۆڵ وبەشداری کارای ژنان و گەنجان لە هەموو کایەکانی ژیاندا، هەروەها پاراستنی شکۆی گەنجان و ڕێزگرتن لە بنەماڵەی شەهیدان و ڕێزگرتن لە ژینگە بەگوێرەی ئەو ماددانەی لەدەستوورەکەدا بە وردیی باسکراون، لەگەڵ چەندین بابەتی گرنگی تر لەسەروو هەموویانەوە ڕۆڵ و پێگەی ژن. بۆ ئەو مەبەستەش ئاماژەی کرد بە پێشەکیی دەستوورەکە و چەندین ماددەی ناو دەستوورەکە، کە بە وردیی و بایەخەوە باس لە پەیوەندیی نێوان ژن و ژینگە و فێمێنیزمی ژینگەیی و ئازادیی ژن و ئابووریی دەکات. لە کۆتایی بابەتەکەشیدا سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادبوون دووپاتیکردەوە کە دەستوری ڕۆژئاڤای کوردستان ئاسۆیەکی گەشە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و دەکرێت وەك شۆڕشێك وێنابکرێت بۆ بەرەنگاربوونەی پیاوسالاریی و سەرمایەداریی کە مێژوویەکی دوور و درێژیان هەبووە لەم ناوچەیەدا.

   لە دوابابەتی پانێڵەکەشدا، خاتوو بێریڤان مەحمود محەمەد کە خەڵکی عەفرینە و ماوەی چوار ساڵە لە نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرێتیی خۆسەری ڕۆژئاڤا لە سلێمانیی کاردەکات، وەڵامی ڕەخنە و تێبینییەکانی دایەوە کە لە پانێڵەکانی پێشتردا باسکران. لە سەرەتادا ڕوونیکردەوە کە گرێبەستی کۆمەڵایەتیی دەستور نییە و پێویستە جیاوازیی بکرێت لە نێوان دەستور و گرێبەستی کۆمەڵایەتیی لە ڕووی شێوازی نووسین و پەسەندکردنی هەریەکێکیان. هاوکات ئاماژەی کرد بە قۆناغەکانی گەیشتن بە داڕشتنی کۆتایی ئەو گرێبەستە لە پاش فراوان بوونی ئەو ناوچانەی خرانە سەر بەڕێوەبەرێتیی خۆسەریی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە پێویستیی بەوە بوو گرێبەستی پێشوو کە تەنها بۆ کۆمەڵی کوردەواریی نووسرابوو پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و ببێت بەو گرێبەستەی لە ١٣٤ ماددە پێکهاتووە و لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا پەسەند کرا.

     .لە کۆتایی پانێلەکەشدا ئامادەبووان پرسیارو تێبینی و سەرنجەکانی خۆیان راشکاوانە خستەڕوو

20240429 175254

20240429 180634

20240429 175026

20240429 181059