وەفدێکی مەڵبەندی کوردۆلۆجی- زانکۆی سلێمانی سەردانی  ئینستیتیوتی کەلەپووری کورد دەکات
 


ڕۆژی سێ شەممە 2021/8/24، وەفدێکی مەڵبەندی کوردۆلۆجی- زانکۆی سلێمانی بە سەرۆکایەتیی بەڕێز (د. عوسمان قادر ئەحمەد) بەڕێوەبەری مەڵبەند بەبۆنەی ناساندنی (ئنستیتیوتی کەلەپووری کورد)ەوە وەك ناوەندێکی ئەکادیمیی، سەردانی ئینستیتوتەکەی کرد و لەلایەن هونەرمەندی ناوداری کورد (مەزهەری خالقیی) سەرۆکی ئینستیتیوتەوە پێشوازی کرا.

 

لە دیدارێکدا کە بەڕەچاوکردنی ڕێنماییەکانی خۆپارێزیی لە (کۆڤید-19) بەڕێوەچوو، سەرەتا بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی پیرۆزبایی لە سەرۆك وستافی ئینستیتیوت کرد بەبۆنەی ناساندنیەوە وەك ناوەندێکی ئەکادیمیی.لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستییەوە. بۆ ئەوەش (د.عوسمان) ستایشی جێدەست و ڕۆڵی خۆبەخشانە و بەردەوامی مامۆستا مەزهەری کرد کە خاوەنی تەمەنێکی پڕ لە بەرهەمی ناوازەی گۆرانیی و موزیکی کوردییە و وەك کەسایەتییەکی ئەکادیمیی بە ئەزموون و شارەزا لە    بوارەکانی میدیا و بەڕێوەبردن و کلتور وکەلەپوردا خزمەتێکی زۆر و زەوەندی کردووە و بووەتە جێی شانازی نەتەوەکەی.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی ستایشی کارو بەرهەم وچالاکییەکانی ئەو دامەزراوە کلتورییە گرنگەی کوردستانی کرد کە بووەتە سەکۆیەکی پڕبایەخ وهەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە وەك رێکخراوێکی ناحکومیی کاری ناوازەی کردووە بە ئامانجی پێکھێنانی ئەرشیفێکی کلتووریی وکەلەپوریی هەموو پێكهاته‌کانی گەلی کوردستان بە جیاوازیی ئایین ومەزهەب وشێوەزار وناوچەی جوگرافییەوە بەمەبەستی تۆمارکردنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد وھەموو پێکهاتەکانی تر کە مێژوویەکی دێرین وھاوبەشیان ھەیە لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا. هاوکات جەختی کردەوە لەسەر زیاتر پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان هەر دوولا وئامادەیی مەڵبەندی کوردۆلۆجی– زانکۆی سلێمانی دەربڕی بۆ هەموو هاوکاریی وهەماهەنگییەك لە پێناو سەرخستنی کارەکانی ئنستیتیوتی کەلەپووری کورد وئەنجامدانی کار وپڕۆژەی هاوبەش وخزمەتکردن بە ئەرشیف وکلتوری نەتەوەیی کورد.

 دواتر ھونەرمەندی ناوداری کورد (مەزھەری خالقیی) وێڕای بەخێرهێنان ودەربڕینی خۆشحاڵیی وسوپاس و پێزانین بۆ سەردانی وەفدەکەی مەڵبەندی کوردۆلۆجی، باسی لە گرنگیی و بایەخی ناساندنی ئنستیتیوتی وەك ناوەندێکی ئەکادیمیی کرد وبەهەنگاوێکی پێویستی دانا بۆ ئەوەی ئنستیتیوتەکەیان ڕۆڵی خۆی وەك ئەکادیمیایەکی کوردیی بگێڕێت بۆ پێشخستنی کلتوورو شارستانییەتی گەلی کوردستان. هەروەها ئامادەبووانی بەرچاوڕوون کرد لە شێوازی دانسقە و پڕ لە کۆشش وماندووبوونی ستاف وهاوکارانی ئنستیتیوت لە ناوەوە ودەرەوەی وڵات بۆ کۆکردنەوەی هەزاران بابەت وبەرهەمی زارەکیی و نووسراو لەبوارەکانی هونەر وئەدەب و کلتوور وکەلەپوری کوردستاندا. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە تا ئێستا 300 بەرهەمی چاپکراویان هەیە و هەموو ئەرشیفی دامەزراوەکەشیان بەشێوازی ئەلکترۆنیی لە فەوتان پاراستووە.

هەروەها باسی هەوڵ وهەنگاو وپلانەکانی ئنستیتیوتی کەلەپووری کورد وزانکۆی سلێمانی لە ماوەی داهاتوودا کرد لەبەر ڕۆشنایی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوکاریی نێوانیان کە لە ساڵی 2016 دا واژۆکراوە ولەوکاتەوە ساڵانە ژمارەیەك لە خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان ودەرەوە توێژینەوە ولێکۆڵینەوەیان لە بوارە جیاجیاکانی کلتووریدا لە ئنستیتیوت ئەنجامداوە.

بە بڕوای شارەزایان ئەو ئینستیوتە رۆڵێکی کارای  ھەبووە لە پاراستنی سەرمایەی مەعنەویی مێژوویی گەلی کورد و لەمەدا دەتوانێت زیاتر بەرھەمە کەلەپورییەکانی کورد بە جیھان بناسێنێت.شایانی باسە ئینستیتوتی کەلەپوری کورد کە ساڵی 2003 دامەزراوە، دوو بنکەی سەرەکیی ھەیە کە یەکێكیان لە سلێمانییە و ئەوی دیکەیان لە شاری دھۆکە. هەروەها لە کەرکوك وھەرچوار پارچەی کوردستان نوێنەرایەتیی ھەیە. ئامانجی سەرەکیشی کۆکردنەوە و پاراستن و گەشەپێدانی کلتووری زارەکیی گەلی کوردستانە.