بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی- زانکۆی سلێمانی لە وێبینارێکی کلتورییدا میوانداریی دەکرێت

ڕۆژی یەك شەممە 2020/7/12 سوڵتان ئەلقاسمیی ستووننووسی ئیماراتیی  و دامەزرێنەری دامەزراوەی هونەریی بەرجیل لە کەناڵی فەرمیی خۆیەوە لە یوتیوب ، کە  " ئۆنلاین مەجلیس"ـە ،

میوانداریی ( د.عوسمان قادر ئەحمەد) بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی - زانکۆی سلێمانی کرد.

میواندارییەکە لە میانی 30 هەمین وێبیناریی " ئۆنلاین مەجلیس"دا بوو بەناونیشانی (تۆمارکردنی کوردستان: کەڵچەرەڵ مەجلیس لەگەڵ د. عوسمان ئەحمەد) بۆ ووردبوونەوە لە پاشخانی هونەریی (د.عوسمان) و ئەزموونی تێکەڵبووی لەگەڵ ئاڵۆزیی و گۆڕانکارییە سیاسیەکانی ناوچەکە و کاریگەریی هونەر لەسەر ڕەوتی گەشەکردنی کلتوریی لە کوردستان لە ساڵانی هەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا.

لە سەرەتای وێبینارەکەدا شاد عەبدولکەریم ، خاوەنی بیرۆکەی (مۆزەخانەی هونەریی هاوچەرخی سەلام ) لە سەرچنار، کورتەیەك لە ژیاننامەی بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی پێشکەشکرد بۆ ناساندنی ژیان وکار وبەرهەمە هونەرییەکانی بەتایبەتیی لە بواری دۆکیومێنتکردنی شاڵاوەکانی جینۆسایدی ئەنفال وکردنەوەی پێشانگا و بڵاوکردنەوەی پۆستەری تایبەت بە تاوانی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی لەلایەن ڕژیمی لەناوچووی بەعسەوە.

وێبینارەکە دەرفەتێك بوو بۆ نماییشکردنی چەندین وێنەی فۆتۆگرافیی تایبەتیی بۆ ئاشنابوونی بەشداربووان بە شێوازی ژیان لە شاری سلێمانیی زێدی (د.عوسمان) و خانەوادەکەی لە ساڵانی شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو و پاشخانی خێزانیی و تێکەڵبوونی لەگەڵ هونەر و نیگارکێشان و چەندین ڕەهەندیی کلتوریی و هونەریی و سیاسیی گرنگ پەیوەست بە کارە پڕبایەخەکانی لە پاش چوونە دەرەوەی بۆ بەریتانیا و خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ پایەدارەکانی ئەو وڵاتە.

جێی ئاماژەیە " کەڵچەرەڵ مەجلیس" زنجیرە بەرنامەیەکی کەناڵی سوڵتان ئەلقاسمییە تایبەت بە هونەرمەندان و  ئەرشیفێکی دەوڵەمەند و پەیوەندییەکی توندوتۆڵی هەیە بە دامەزراوە و ناوەندە هونەریی و کلتورییەکانی جیهانەوە.

 لەو بارەیەوە (د.عوسمان قادر) سوپاس و پێزانینی گەیاندە هەریەك لە ئەلقاسمیی و شاد عەبدولکەریم بۆ ڕێکخستنی وێبینارەکەی " کەلچەرەڵ مەجلیس" و میوانداریی کردنی. بە بایەخیشەوە باسی ئەو کەناڵە و وێبینارەکانی کرد کە بوونەتە پردێك بۆ دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی ئاشتییخوازانەی هونەرمەندان و ئەکادیمیستانی گەل و نەتەوە و وڵاتە جیاوازەکان.

د. عوسمان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە پێشکەشکاری وێبینارەکە بە گیانی مرۆڤدۆستیی و هونەرخوازییەوە ڕوناکیی خستە سەر ئەو نەهامەتیی و ناخۆشییە نەخوازراوانەی لەسەردەمی ڕژێمی دیکتاتۆریی بەعسدا بەسەر کورددا هێنراون ، بەتایبەتییش باسی بۆردمانکردنی شاری هەڵەبجەی بە چەکی کیمیایی کرد و ڕووداوەکانی وەك خۆیان نیشانی بینەراندا .

بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجیی خۆشحاڵیی دەربڕی بەوەی  وێبینارەکە ئاوڕدانەوە بوو لەو ڕووداوانەی بینەرانی دەرەوەی کوردستان وەکو پێویست ئاگاداریان نین هەر بۆیە بە باشیی رووداوەکانی سەردەمی ژیانی خۆی وەك هونەرمەند خرانەڕوو و گفتوگۆ  و پرسیار و وەڵام لەگەڵ بەشداربووان وباش ئاشنابوونی پێشکەشکار بەباکگراوندی ئەو وەك میوان، وێبینارەکەی  دەوڵەمەندتر کرد.

کە ئێستا دەتوانرێت ببینرێت لەم بەستەرەوە https://www.youtube.com/watch?v=Mhf6S1rWNhk.

هاوکات وێبینارەکەی بە بەڵگەیەکی  بەهێز دانا لەسەر سود و بایەخی تەکنەلۆژیای میدیا و باش بەکارهێنانی بۆ خزمەتی کلتور و هونەری مرۆڤایەتیی لەسەردەمی کۆرۆنادا بەو جۆرەی کە ببێتە ڕایەڵێکی پتەوی

پەیوەندیی و کۆبوونەوەی خاوەن بیرە  جیاوازەکان و بەئاگابوونیان لە فرە کلتوریی جیهانیی.  

د.عوسمان ڕاشیگەیاند کە ئەگەرچی کەموکورتیی و لاوازیی لە ڕاژەی  ئینتەرنێتدا هەبوو بەڵام پەیامەکان بەباشیی نێردران و کۆمەڵێك  سەرنج و تێبینیی باش و پەیوەندیی دۆستانەی لە وڵاتە جیاوازەکاندا هێنا.