بەڕێوەبەر و ستافی مەڵبەندی کوردۆلۆجی پێشوازییان کرد لە گروپێك لە هونەرمەندانی پەیکەرسازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان




 

ڕۆژی یەكشەممە 2022/9/4 ، (د.عوسمان قادر ئەحمەد) بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی- زانکۆی سلێمانی وستافی مەڵبەند پێشوازییانکرد لە گروپێك لە هونەرمەندانی پەیکەرسازی لێهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

مەبەست لەو سەردانەی ئەو گروپە کە لە هەشت پەیکەرسازیی دیار وناسراوی ڕۆژهەڵات پێکهاتووە، ئاشنابوون بە کاروباری مەڵبەندی کوردۆلۆجی و بینینی کارە هونەرییەکانی (د.عوسمان قادر) بوو کە تایبەتن بە دۆکیومێنتکردنی شاڵاوەکانی جینۆسایدی خەڵکی کوردستان (ئەنفال) و لە گەلەریی مەڵبەنددا نماییشکراون.


لە دیدارێکدا لەگەڵ بەڕێوەبەر وستافی مەڵبەندی کوردۆلۆجی، پەیکەرسازانی ڕۆژهەڵات خۆشحاڵیان دەربڕیی بە سەردانەکەیان و ستایشی ئەو کار وهەوڵە هونەریی وئەکادیمییانەیان کرد کە ئامانجیان بە دۆکیومێنتکردن وخستنەڕووی تاوانەکانی جینۆسایدی خەڵکی کوردستان و وەبیرهێنانەوەی خەباتی مێژوویی گەلی کوردستانە بە شێوازێکی هونەریی ناوازە وهاوچەرخ وبەبەردەوامیی نیشانی میوانانی بیانیی وخوێندکاران و توێژەران وئەکادیمیستانی ناوەوە و دەرەوەی کوردستان و عێراق دەدرێن.

هەر لەو دیدارەدا، بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی پاش بەخێرهاتنی میوانەکانی مەڵبەند، خۆشحاڵیی دەربڕی بە بینینەوەی ئەو گروپە لە هونەرمەندانی ڕۆژهەڵات کە پەیوەندییەکی دۆستانەی دێرینیان هەیە پێکەوە ودەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ئاوارەبوونی بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردوودا. ئەو ئاوارەبوونەی دەرفەتێك بوو بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەکی نزیك وتوندوتۆڵی مرۆیی وهونەریی لە نێوان ئەو پۆلە هونەرمەندەدا بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا وسەرنجەکان لە بارەی ئەو بابەتانەوە کە پەیوەست بوون بە ڕەوشی هونەریی و بزاوتی هونەری کوردیی لەو سەردەمەدا کە بەردەوام جێی بایەخ بوون و بابەتی دیدار وگفتوگۆکانیان بوون.

 لەو بارەیەوە (د.عوسمان قادر) خۆشحاڵی دەربڕی بە سەردانی ئەو دۆستە دێرینانە وەك هەنگاوێکی گرنگ بۆ زیاتر پەرەپێدانی ئەو پەیوەندیی ونزیکییە هونەرییە بەرچاوەی لە نێوانیاندا هەیە. هەروەها خۆشحاڵی دەربڕی کە ئەو پۆلە هونەرمەندە پێشانگایەکی هاوبەشیان کردۆتەوە لە گەلەری مۆزەخانەی نیشتمانیی (ئەمنە سورەکە) لە شاری سلێمانی بۆ نماییشکردنی ژمارەیەك کاری ناوازە لە بواری پەیکەرسازییدا کە لە ڕووی تەکنیك و داڕشتن و تێماوە سەلیقەیەکی زۆریان پێوەدیارە و لە ڕووی ئەکادیمییەوە بەهایەکی بەرزیان هەیە و ئەزموونێکی ناوازە وجوان و کراوەیە بەڕووی هاووڵاتییان و هونەردۆستان و هونەرمەندان و پەیکەرسازانی هەرێمی کوردستان بۆ بینین و بەهرەمەندبوون لەو ئەزموونە هونەرییە دەوڵەمەندەی هاونەژاد و زمانەکانیان کە لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتوون. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە هاتنی ئەو هونەرمەندانە وکردنەوەی پێشانگاکەیان دەرفەتێکە بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی زیاتر لەگەڵ هونەرمەندان لە باشوری کوردستان و ئاشنابوون بە شێوازی کار و بەرهەمە هونەرییەکانی هەردوولا.