لە دیدارێکدا خوێندنەوەیەك بۆ هێڵکارییەکانی هونەرمەند (د.عوسمان قادر ئەحمەد) دەکرێت

   ئێوارەی ڕۆژی 2020/10/11، لە دیدارێکی هونەریی و موزیکییدا لە (بلوچی کافێ) خوێندنەوەیەك بۆ ئەزموون و هێڵکارییەکانی (د.عوسمان قادر ئەحمەد) هونەرمەند و ئەکادیمیست و بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی - زانکۆی سلێمانی کرا.

لەو دیدارەدا، کە لە ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزیی لە نەخۆشی کۆرۆنادا سازکرا، ڕێکخەران و ئامادەبووان ستایشی بەرهەمە هونەرییەکانی هونەرمەندیان کرد کە بریتیین لەچەندین هێڵکاریی پڕبایەخ و بەهای نەتەوەیی لە سەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لە بواری گێڕانەوە و دۆکیومێنتکردنی شاڵاوەکانی (ئەنفال) ی جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان لە ساڵی 1988 دا.

هەر لەو دیدارەدا ، مەدالیای "جوانییزادە"  پێشکەش بە هونەرمەند و ئەکادیمیست (د. عوسمان قادر) کرا وەك پێزانینێك بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی لە بواری هونەر و ئەکادیمیادا بۆ بەرجەستەکردنی میتۆدی سوودوەرگرتن لە هونەر بۆ گێڕانەوەی ڕووداوە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بەتایبەت  کە  ئەزموونێكی زۆر کەم لەم بوارەدا هەیە.

لای خۆیەوە (د.عوسمان) خۆشحاڵیی و سوپاس و پێزانینی دەربڕی بۆ ڕێکخەرانی دیدارەکە و ستافی (بلوچی کافێ ) بەتایبەت (لالە خانم) ی بەڕێوەبەر بۆ سازکردنی ئەو دیدارە و ئەو هەڵسەنگاندنە بەرزە بۆ هەوڵەکانی لە پێناو زیندوو ڕاگرتنی ناو ویاد ویادەوەریی قوربانیانی تاوانی جینۆساید و گێڕانەوەی ئەو مەرگەساتە لە ڕێی هێڵکارییەکانییەوە.