بە پێشانگەی ئەكادیمیستێكی كوردۆلۆجیی گەلەرییەكی نوێ لە شاری سلێمانی  كرایەوە

   ڕۆژانی 10/24  تا 15 /11/ 2018 بە پێشانگەیەكی هونەریی (د.عوسمان قادر ئەحمەد) لێپرسراوی بەشی هونەری مەڵبەندی كوردۆلۆجیی بە ناوی " ماڵ"ەوە، دەرگای گەلەرییەكی نوێ لە شاری سلێمانی بە رووی هونەرمەندان و هونەردۆستاندا كرایەوە. 
ئەو گەلەرییە كە دەكەوێتە شەقامی گۆران (ناسراو بە جادەی ئۆرزدیی)، بە ناوی گەلەری  (كەریم چاوشین) ـەوەیە بۆ زیندووراگرتنی ناوی خانەوادەی (كەریم چاوشین) و (شەهید ئەمیر) ی كوڕی كە ساڵی 1987 شەهیدكراو هەردوو  كوڕەكەی بێبەشكران لە ناز و ئامێزی گەرمی باوكیان و دایك و نەنك و باپیرەیان لە گرتووخانەی بەدناوی ئەمنەسورەكە زیندان كران.
   لەو بارەیەوە (د.عوسمان قادر) شێوەكاری ناسراوی كورد و ئەكادیمیستی دیاری مەڵبەندی كوردۆلۆجی رایگەیاند: گەلەرییە كە لە لایەن بەرێز (بێباك ئەمیر) ەوە خاوەندارێتیی دەكرێت و  (د.عوسمان ) ئەركی بەڕێوەبردنی گەلەرییەكەی لە ئەستۆگرتووە.  هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە پاش 4 مانگ لە هەوڵ و ماندووبوون ، پێشانگەی " ماڵ"ی كردەوە كە بووە یەكەم پێشانگەی ئەو گەلەرییە تازەیەی شاری سلێمانی.
بە وتەی د.عوسمان  وا بڕیاربوو پێشانگەكە تا رۆژی 11/9 بەردەوام بێت، بەڵام "لەبەر داخوازیی رۆشنبیران و هونەرمەندان و میوانێكی زۆر بەردەوامیمان دا بە پێشانگاكە بۆ ماوەیەكی زیاتر". بەلای د.عوسمانەوە پێشانگەگە تایبەتمەندیی خۆی هەبوو لەبەر ئەوەی " بۆ یەكەم جار توانیمان لەڕێی هونەرەكەمەوە روناكیی بخەمە سەر چیرۆكە شاراوەكانی خەڵك لە كۆڵان و گەڕەكەكانی شاردا كە قوربانیی جەنگ و نەهامەتییەكان بوون لەسەردەمی رژێمی بەعسدا". 
شایانی باسە ژمارەیەكی زۆر لە هونەرمەندان و رۆشنبیران و كەسایەتییە ئەكاديمييەكانی ناوەوە و دەرەوەی كوردستان سەردانی گەلەری "ماڵ"یان كرد لە گەلەریی 
(كەریم چاوشین) لە نێویاندا (د.جێرارد شالیاند) شاعیر و كەسایەتیی ئەكادیمیی فەرەنسیی و ( د.ئێمی ئێل بیم ) چالاكوانی مافەكانی مرۆڤ و نوسەری كتێبی  
(كۆمەڵكوژیی ئێزیدییەكان) كە بە بایەخەوە باسیان لە كاریگەریی كارەكان كرد بۆ هیشتنەوەی ئەم یادەوەرییانە لە یادی نەوەی نوێداو ئەرشیفكردنی لە مۆزەخانەی نیشتنمانیدا .