ڕۆژی شەممە 23ی تەمموزی 2022، (پ.د.كۆسار محەمەد عەلی موراد) سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ یەکەم جار لە پاش دەستبەکاربوونی لە پۆستی سەرۆکایەتیی زانکۆ لە ١٦ی حوزەیرانی ڕابردوودا، سەردانی مەڵبەندی کوردۆلۆجی – زانکۆی سلێمانی کرد وبە گەرمیی لەلایەن هونەرمەندی ئەکادیمیست (د.عوسمان قادر ئەحمەد) بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی ولێپرسراوانی چەند بەشێکی مەڵبەندەوە پێشوازیی لێکرا. لەسەرەتای ئەو سەردانەدا سەرۆکی زانکۆ بە گرنگییەوە باسی لە کارە هونەرییەکانی بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی کرد کە لە تەلاری مەڵبەنددا هەڵواسراون وەك یادەوەرییەکی نەتەوەیی و پڕۆژەیەکی هونەریی بۆ زیندوو ڕاگرتنی یادی قوربانیانی جینۆسایدی گەلی کوردستان بەگشتیی و قوربانیانی شاڵاوەکانی ئەنفال بەتایبەتیی. دووپاتیشی کردەوە کە هەڵبژاردنی مەڵبەندێکی زانکۆی سلێمانی بۆ نمایشکردن ودانانی کاری هونەریی پڕ بایەخی جێی شانازییە. هەروەها پشتیوانیی دەربڕی بۆ سەرخستنی هەوڵەکانی کردنەوەی گەلەرییەکی تایبەت لە مەڵبەندی کوردۆلۆجی تایبەت بە دۆکیومێنتکردنی شاڵاوەکانی ئەنفال لە ڕێی هێڵکارییەکانی د.عوسمان قادرەوە لەسەر بنەمای گێڕانەوەی ئەو شایەتحاڵانەی لەو شاڵاوی جینۆسایدەی ساڵی 1988 ڕزگاریان بووە. پاشان لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا، سەرۆکی نوێی زانکۆی سلێمانی گرنگیی و پێویستیی زیاتر پەرەپێدانی زانکۆی سلێمانی وەك ناوەندێکی ئەکادیمیی گرنگ دووپاتکردەوە ودیدگا وپلان و بەرنامەکانی لەو بوارەدا خستەڕوو. هەروەها ئامادەیی هەموو هاوکاریی وکارئاسانیی وپشتیوانیەکیشی دەربڕی بۆ مەڵبەندی کوردۆلۆجی لە پێناو سەرخستنی پڕۆژە و پلانەکانیدا بۆ زیاتر بەهێزکردنی پێگە و ڕۆڵی مەڵبەندی کوردۆلۆجی وەك سەنتەرێکی گرنگی زانکۆی سلێمانی. دواتر بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی بەناوی خۆی وئامادەبووانەوە لە ستافی مەڵبەند سوپاس و پێزانین وخۆشحاڵیی بەو سەردانەی سەرۆکی زانکۆ دەبڕی وەك هەنگاوێکی گرنگ وپێویست بۆ ئاگاداربوونی سەرۆکی نوێی زانکۆ لە ئامانج وشێوازی کار وخەرمانی کار وچالاکییەکانی مەڵبەندی کوردۆلۆجی لەسەرەتای دامەزراندنیەوە. لەو ڕووەوە (د.عوسمان قادر) ئاماژەی کرد بۆ ئەو سیمینار وکۆنفرانسانەی لە چەند ساڵی رابردوودا لە چوارچێوەی کار وچالاکییەکانی کوردۆلۆجییدا ئەنجامدراون. هەروەها داوای پشتیوانیی وکارئاسانیی وهاریکاریی سەرۆکی زانکۆی کرد بۆ ئەنجامدانی پلان و پڕۆژەکانی داهاتوو. هەروەها پشتگیریی مەڵبەندەکەی بۆ سەرخستنی بەرنامەی کاری سەرۆکی زانکۆ دووپاتکردەوە لە پێناو ئەنجامدانی چاکسازیی وپێداچوونەوەی پێویست بە کایە گرنگەکانی خوێندنی زانکۆییدا. هەر لەو دیدارەدا، لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندن وپەیوەندییەکان پوختەیەکی پێشکەشکرد لەسەر مێژووی دامەزراندنی کوردۆلۆجی وقۆناغەکانی لە ڕابردوودا و لەگەڵ لێپرسراوانی بەشەکانی تری مەڵبەند و کاروباری کارگێڕیی، سەرنج و پێشنیازو داواکارییەکانی مەڵبەندی کوردۆلۆجیان خستەڕوو کە لەلایەن سەرۆکی زانکۆوە بە خۆشحاڵیەوە وەرگیران وبەڵێنی پەسەندکردنی داواکاریی ودابینکردنی پێداویستییەکانی پڕۆژەکانی پێدان.
|
سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەر و ستافی مەڵبەندی کوردۆلۆجی کۆبووەوە
سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەر و ستافی مەڵبەندی کوردۆلۆجی کۆبووەوە