سازکردنی سیمیناری "سەرچاوەکان لە بارەی ئەنفال و تراژیدیاکانی کوردەوە:سەرنج و ڕاستکردنەوە" بۆ بەڕێز عومەر محەمەد قادر لە مەڵبەندی كوردۆلۆجی- زانكۆی سلێمانی

ڕۆژی چوارشەممە 26-6-2019، لە هۆڵی داود بەگی جاف، سیمیناری مەڵبەندی كوردۆلۆجی- زانكۆی سلێمانی بە ناونیشانی (سەرچاوەکان لە بارەی ئەنفال و تراژیدیاکانی کوردەوە:سەرنج و ڕاستکردنەوە)  بۆ بەڕێز عومەر محەمەد قادر نوسەر لە بواری ئەنفالدا بەڕێوەچوو.

 
لەو سیمینارەدا کە بەڕێوەبەر ولێپرسراوانی بەشەکان وستافی ئەکادیمیی مەڵبەندی کوردۆلۆجی وژمارەیەك لە دەربازبووان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شاڵاوەکانی ئەنفال و پێشمەرگە دێرینەکان ونوسەران وئەکادیمستان وخوێنەران ئامادەی بوون، عومەر محەمەد وەك نوسەرێکی پەرۆش دەربارەی ئەنفال و لە دیدێکی ڕەخنەییەوە کە ئەنجامی خوێندنەوە و پێداچونەوەیەکی وردە، ژمارەیەکی زۆر لەو هەڵە و ناڕاستییانەی خستەڕوو کە لە سێ کتێبی جیاوازی تایبەت بە ئەنفالدا بڵاوکراونەتەوە.
 
لەو ڕوەوە نوسەر سەرەتا ئاماژەی کرد بۆ ناوی نووسەران و ناونیشان و ساڵی چاپی ئەو سێ بەرهەمە جیاوازە و ئەو دامەزراوانەی ئەرکی چاپکردنی ئەو سێ کتێبەیان لە ئەستۆگرتووە. دواتر لەڕێی پیشاندانی وێنەیی بابەتەکەوە، ئامادەبووانی ئاشناکرد بە دەیان هەڵەی زەق کە لەو سێ کتێبەدا دەستنیشانی کردوون لە ڕووی ڕەنووس وزمانەوانیی و ڕاست و دروستیی ناوی ناوچە جوگرافییەکان وکەسایەتییە باسکراوەکان و مێژووی ڕووداوەکانی شاڵاوەکانی ئەنفال لە ساڵی 1988 دا.
 
هەروەها ڕەخنە و گلەییەکی زۆری ئاراستەی ئەو رۆژنامە و دامەزراوە حزبیی و حکومییانە کرد کە لە بڵاوکردنەوەی ئەو سێ کتێبەدا کەمتەرخەم بوون لە خوێندنەوە وسەرنجدان لە شێوازی نووسین وڕێبازی زانستیی توێژینەوە و ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو هەڵانە کە بەسەر نووسەرانی ئەو سێ کتێبەدا تێپەڕیون وبە بڕوای ئەو زیانیان گەیاندووە بە هەوڵ وهەنگاوەکانی بەدۆکیمێنتکردنی تاوانەکانی ئەنفال لە ڕووی گێڕانەوەی ڕووداوەکان وناوهێنانی دەربازبووان وشایەتحاڵەکان وسکاڵاکاران و زۆر لایەنی تر کە دەبوو بە وریایی وپەرۆشییەکی زیاتر وئاستێکی بەرزتری نووسینەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرایه‌.
 
پاش تەواو بوونی بابەتەکەش،ژمارەیەك لە ئامادەبووان لە وتەکانیاندا نیگەرانیان دەربڕی لەوەی وەك پێویست بایەخ بە دۆکیومێنتکردنی ئەنفال نادرێت وئەو هەوڵانەش کە دراون بەو چەشنە هەڵە و کەموکورتییان تێدا بووە.
 
لەو ڕووەوە د.فایەق گوڵپی کە سەرکردە وپێشمەرگەیەکی دێرین وپزیشکێکی بەخزمەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە لە کاتی شاڵاوەکانی ئەنفالدا، داوای دامەزراندنی ناوەندێکی سەربەخۆی نەتەوەیی تایبەت بە ئەنفالی کرد بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانە گەورەیەی جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان و هەموو تاوانەکانی تر وپەیداکردن و هێشتنەوەی بەڵگە و نووسراوەکانی پەیوەست بە ئەنفال.