پڕۆژەی (بەیەکگەیشتنی کلتورەکان)ی مەڵبەندی کوردۆلۆجی زانکۆی سلێمانی وهینتەرلاند بەسەرکەوتوویی کۆتایی هات






























 



ڕۆژی پێنج شەممە 2022/10/13 پڕۆژەی (بەیەکگەیشتنی کلتورەکان) کۆتایی بە کارەکانی هێنا کە ڕۆژی یەك شەممە  2022/10/2 دەستی پێکرد و هەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی بایەخێکی میدیایی بەرچاوی پێدرا.

 ئەو پڕۆژەیە کە لە بیرۆکەی هونەرمەندی ئەکادیمیست (د.عوسمان قادر ئەحمەد) بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی- زانکۆی سلێمانی و (د.گوردون واڵنبۆك) بەڕێوەبەری کۆمەڵەی هونەریی هینتەرلاندی ڤیەننای پایەتەختی نەمسابوو، بووە ئەزموونێکی کەم وێنە وچالاکییەکی سەرکەوتووی مەڵبەندی کوردۆلۆجی وهینتەرلاند کە بە بەشداریی بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی وسێ هونەرمەندی نێودەوڵەتیی لە ئەڵمانیا ونەمساوە وبە پشتیوانیی مامۆستا دارۆ ڕەسول لە کارگەی کلتور وگەلەری ئێستا لە هەمان کارگە ئەنجامدرا و بووە دەستکەوتێکی هونەریی وکلتوریی ناوازە وگرنگ بۆ زانکۆی سلێمانی و کارگەی کلتور.

  پڕۆژەکە دیدارێکی یەکترناسین وچوار سیمیناری پێشکەشکاریی وێنەیی و دوو وۆركشۆپی بە هەردوو زمانی ئینگلیزیی وکوردیی بە وەرگێڕانی کوردیی وئینگلیزییەوە لەخۆگرت لەگەڵ نماییشێکی پێشکەشکاریی کۆی بەرهەمەکانی پڕۆژەکە کە ڕۆژی 2022/10/13 بەئامادەبوونی تیمی پڕۆژەکە و بەشداربووان وهونەردۆستان وستافی مەڵبەندی کوردۆلۆجی ئەنجامدرا.

بەو نماییشەش سەرجەم چالاکییەکانی پڕۆژەکە کۆتاییان هات کە بەسەر چەند ڕۆژێکدا دابەشکرابوون بەم شێوەیەی خوارەوە.

ڕۆژی یەکەم: 2022/10/2

 لە یەکەم ڕۆژی پڕۆژەکەدا، دیداری بەخێرهاتن وناساندنی هونەرمەندانی ئەکادیمست وڕاهێنەرانی پڕۆژەکە سازکرا.

لەو دیدارەدا (د.عوسمان قادر) لە وتەیەکدا بەناوی زانکۆی سلێمانی وستافی کوردۆلۆجی وخوێندکاران وهونەرمەندانی سلێمانییەوە بە گەرمی بەخێرهاتنی کرد لە هەریەك لە (پەرستۆ فرۆهەر) کە هونەرمەندێکی نێودەوڵەتییە وپرۆفیسۆری (هونەرە جوانەکان )ـە لە ئەکادیمیای (یۆهانز گۆتەنبێرگ) لە زانکۆی ماینز لە ئەڵمانیا و(د.گودرون واڵنبۆك) دامەزرێنەر وبەڕێوەبەری کۆمەڵەی هونەریی هینتەرلاند لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا کە پلاتفۆرمێکی هونەریی سەربەخۆیە وتایبەتە بە بایەخدان بە پڕۆژەی کلتوورە فرەچەشن وپسپۆڕییەکان لەگەڵ مامۆستا وریا ئاریا کە هونەرمەندێکی کوردی شاری سنەیە وپەیکەرسازیی لە زانکۆی هونەرە پەیڕەوکارییەکان لە ڤییەنا  تەواو کردووە.

لە بەشێکی تری وتەکەیدا (د.عوسمان قادر) ڕایگەیاند خۆشحاڵییەکی گەورەیە بۆ هەمووان کە دواجار لەو پڕۆژەیەدا کۆدەبنەوە کە لە ساڵی 2019 دا پلانەکان بۆ ئەنجامدانی دەستی پێکرد وبەهۆی پەتای کۆرۆناوە دواکەوت. هەروەها سوپاس وپێزانینی خۆی بۆ سەرجەم سپۆنسەرەکانی پڕۆژەکە دەربڕی کە پێکهاتوون لە زانکۆی سلێمانی ومەڵبەندی کوردۆلۆجی وهینتەرلاند وپەیمانگای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ئەڵمانیا و وەزارەتی ڕۆشنبیریی نەمسا وباڵیۆزخانەی نەمسا لە عەممانی پایتەختی ئەردەن.

هەر لەو دیدارەدا وردەکاریی بەرنامەی کاری پڕۆژەی (بەیەکگەیشتنی کلتورەکان) خرایە ڕوو. بەو شێوەیەش یەکەم ڕۆژی پڕۆژەکە کۆتایی هات.

ڕۆژی دووەم : 2022/10/3

سەر لە بەیانی ڕۆژی دووشەممە، 2022/10/3 لە دووەم ڕۆژی پڕۆژەی (بەیەکگەیشتنی کلتورەکان) دا، لە کاتژمێر 10ی بەیانیی بۆ 1ی پاش نیوەڕۆ یەکەم سیمیناری پێشکەشکاریی وێنەیی پێشکەشکرا لەلایەن (پ.پەرستۆ فرۆهەر) ەوە کە هونەرمەندێکی ئەکادیمیستی ئێرانییە و لەساڵی 1991 ەوە لە ئەڵمانیا دەژیی وکاردەکات.

ئامانج لەو سیمینارە پێشکەشکارییە کە ژمارەیەك لە مامۆستایان وخوێندکاران ودەرچووانی بەشەکانی کۆلێجی هونەر وستافی مەڵبەندی کوردۆلۆجی ئامادەی بوون، خستنەڕووی ئەزموون وپڕۆژە هونەرییەکانی (پ. فرۆهەر) بوو کە تایبەتن بە بەکارهێنانی خۆشنووسیی فارسیی وەك ئامرازێك بۆ گوزارشتکردن لە چەمکەکانی کۆچبەریی و وونبوون ونەمانی ئاراستە لە ژیانی خۆیدا وەك هونەرمەندێکی تاراوگەنشین وکۆچبەر ونیشاندانی یادەوەرییەکانی لەگەڵ زمانی دایکدا کە فارسییە. هەروەها بە دوورودرێژیی باسی توخمی سەرەکیی وگرنگی کارەکانی کرد کە بریتییە لە (پاتێرن - نەخش ونیگار) لەگەڵ پێشەکییەك دەربارەی پاتێرن کە ناوەڕۆکی وۆركشۆپەکەی بوو بۆ ژمارەیەك لە مامۆستایان وخوێندکارانی کۆلێجی هونەر.

لەو بوارەدا (پ.پەرەستۆ) پاش ناسینی بەشداربووانی وۆرکشۆپەکەی، لە گفتوگۆیەکی کراوەدا ئامادەبووانی هاندا بۆ ئەوەی لە کارە هونەرییەکانیاندا بە بیری ڕەخنەگرانەوە ڕێبازی نوێ پیادە بکەن وشێوازێکی بینراو بۆ دەربڕین لە کارە هونەرییەکاندا لە چەشنی نەخش ونیگار بەرجەستە بکەن بە جۆرێك هێماکان وشێوەکان ودەنگەکان وڕەفتارەکان وهەرشتێك کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبنەوە ومامەڵەی لەگەڵدا دەکەن کۆی بکەنەوە بەو مەبەستەی لە چوارچێوەیەکی گەورەتردا تاوتوێ بکرێن بەدەر لە دووبارەکردەنەوەی بەرهەمەکان و پەرە بدەن بە کارەکان وتێگەیشتنی نوێ بێتە بەرهەم.

لە بەشی دووەمی بەرنامەی هەمان ڕۆژدا، سیمیناری پێشکەشکاریی وێنەیی دووەم سازکرا بۆ مامۆستای پەیکەرساز (وریا ئاریا) کە ساڵی 1979 لە شاری سنە لە دایك بووە و لە تەمەنی 22 ساڵییەوە لە نەمسا دەژیی و کاردەکات.

بابەتی سیمینارەکە خستنەڕووی تابلۆ و ئینستلەیشن وپەیکەرەکانی (م.ئاریا) بوو بۆ گوزارشتکردن لە پاشخانی فیکریی وشێوازی کارکردنی پراکتیکیی خۆی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیاردە کۆمەڵایەتییەکان وپرسیارەکانی پەیوەندیدار بەو بابەتەوە.

لەو بوارەدا ئامادەبووان ئاشنابوون بەوەی (مامۆستا وریا) لەگەڵ چەندین پەیکەرسازی کورد لە ئێران کاری کردووە و شێوازی کارکردنی بریتییە لە بەکارهێنانی کەرەستەگەلی وەکو پەت وبەرد وکێلی سەرگۆڕەکان لە کارەکانیدا کە یادەوەریی منداڵیی هەیە لەگەڵیان. هەروەها تایبەتمەندییەکانی پەیکەرسازیی وەکو نەخشەسازیی وهێڵە تەریبەکان وهاوشێوەکانی بەکاردەهێنێت وڕەهەندی نوێیان بۆ زیاد دەکات لە هەمان کاتدا تێکهەلکێشی دەکات بە گۆڕانکاریکانی ژیانی.

شایانی باسکردنە لە کۆتایی هەر دوو سیمینارەکەدا ئامادەبووان ستایشی کارەکانی هەردوو هونەرمەندی پێشکەشکاریان کرد کە کاریگەرییەکی باشی هەبووە لەسەر بیرکردنەوەیان لەبارەی بەکارهێنانی پاتێرن وەك هونەرێکی ڕەخنەگرانە وپەیکەرسازیی وکەرەستەکانی بۆ گێڕانەوەی یادەوەریی. لەو سۆنگەیەشەوە هەر دوو هونەرمەند بانگهێشتکران بۆ پێشکەشکردنی هەمان سیمینار لە هۆڵی مامۆستا عەلی جۆڵا لە ڕۆژی 3 شەممە 2022/10/11 دا وەك بەشێك لە وانەی هونەر ودیسکۆرس بۆ خوێندکارانی قۆناغی سێهەم لە کۆلێجی هونەر.

ڕۆژی سێیەم: 2022/10/4

ڕۆژی سێ شەممە، 2022/10/4  لە سێیەم ڕۆژی پڕۆژەی (بەیەکگەیشتنی کلتورەکان) دا، لە کاتژمێر 2 تا 5 ی سەر لە ئێوارە سێیەم و چوارەم سیمیناری پێشکەشکاریی وێنەیی پێشکەشکرا لەلایەن هەر یەك لە (د.گودرون واڵنبۆك) و (د.عوسمان قادر) ەوە.

 سیمیناری یەکەم تایبەت بوو بە ڕوانینێکی خێرا لەسەر بیرۆکەی دامەزراندنی کۆمەڵەی هونەریی هینتەرلاند لە ڤیەننا/نەمسا  کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە پشتگیرییەکی زۆر دەکات لە کارە هونەرییەکانی هونەرمەندە گەورە وتازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و بایەخێکی زۆریان پێ دەدات بە تایبەتیی ئەو هونەرمەندانەی لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران وهەرێمی کوردستان کاردەکەن.

هەر لەو سیمینارەیدا، (د.گۆدرۆن) لەگەڵ نیشاندانی چەندین چالاکیی سەرنج ڕاکێش لە وڵاتانی ئێران وپاکستان ومەکسیکەوە، جەختی کردەوە لەسەر بیرۆکەی بنەڕەتیی لە دامەزراندنی ئەو کۆمەڵە هونەرییە کە لە ئێستادا خاوەنی بارەگایەکی خۆیەتی کە گەلەرییەکی تێدایە بەناوی هینتەرلاندەوە لەگەڵ کتێبخانەیەکدا کە بەرهەمی چاپکراوی هونەرمەندان ونوسەرانی تێدایە بە جیاوازیی نەژاد ونەتەوە وئایین و زمانیانەوە. لەو ڕووەوە ئامادەبووانی ئاشناکرد بەوەی خودی خۆی وهاوکارانیشی لە بیرۆکەی بەیەکگەیاندنی کلتورەکان و بەدیهێنانی تێگەیشتنی هاوبەشەوە گەیشتوون بە دامەزراندنی هینتەرلاند وەك دەروازەیەك بۆ نزیك کردنەوەی کەسەکان لە یەکتر بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکە وچەمك ونیگەرانیی وهیواکانیان.

لە کۆتایی سیمینارەکەشدا، گفتوگۆیەکی کراوە لە ڕێی پرسیار ووەڵامەوە ئەنجامدرا وبووە دەرفەتێکی باش بۆ زیاتر ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەکان لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە هونەر وئازادیی وکلتور وشوناس وچەند بابەتێکی تر.

هەر لە سێیەم ڕۆژدا، چوارەم سیمیناری پێشکەشکاریی وێنەیی پێشکەشکرا لەلایەن (د.عوسمان قادر) بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجییەوە کە تایبەت بوو بە پڕۆسەی "دۆکیومێنتی وێنەیی" بیرەوەریی شایەتحاڵان و ڕزگاربووان لە شاڵاوەکانی جینۆسایدی خەڵکی گوندەکانی کوردستان (ئەنفال – 1988) دا.

لەو سیمینارەدا، (د.عوسمان قادر) باسی وێستگەکانی ژیانی خۆی کرد هەر لە قۆناغی خوێندکارییەوە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی لەسەردەمی ڕژێمی لەناوچووی بەعسدا و ڕۆیشتنی بۆ شاخ بۆ ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە و بەرکەوتنی بە چەکی کیمیایی و بوونی بە شایەتحاڵێکی ئەنفال  تا دەگات بە ڕزگاربوونی لەو شاڵاوە و گەیشتن بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ودەستبەکاربوونی بۆ فێرکردنی منداڵانی ڕزگاربووی تاوانی بۆردومانکردنی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی لە ئاداری 1988 دا و پاشان گەیشتنی بە وڵاتی بەریتانیا.

لەو سیمینارەدا، ئامادەبووان ئاشنابوون بەو ڕاستییەی کە شاڵاوی دڕندانەی ئەنفال کاریگەرییەکی دەروونیی وفیکریی و هونەریی گەورەی کردۆتە سەر ئەو هونەرمەندە ئەکادیمیستەی کوردستان کە لە ساتەوەختی شاڵاوەکەدا بەڵێنی دابوو ئەگەر هاتوو ڕزگاری بێت ئەوا کارە هونەرییەکانی تەرخان دەکات بۆ گێڕانەوەی ئەو بیرەوەرییانە و بە دۆکیومێنتکردنی لە ڕێی هێڵکارییەکانیەوە کە ئەوەش بووەتە پڕۆژەی خوێندنە ئەکادیمییەکەی لە ماستەر و دکتۆرادا لە بەریتانیا و کۆی کارەکانی ئەو پڕۆژە زانستیانە وکارەکانی دواتر ئاماژەن بۆ ئەوەی بەڵێنەکەی بردۆتەسەر وهێلکاریی وکارە هونەرییەکانی لە ئاستێکی بەرزی ئەکادیمیی وهونەریی ئەوتۆدان کە هەندێکیان لە مۆزەخانەی جەنگی ئیمپێریاڵیی بەریتانیا لە لەندەن دانراون وخراوەتە ڕیزی بەناوبانگترین ئەو کارە هونەرییانەی کارەسات ومەرگ و وێرانکارییەکانی جەنگ لە سەد ساڵی ڕابردوودا دەگێڕنەوە.

بەو سیمینارەش کۆتایی هات بە بڕگەی سیمینارە پێشکەشکارییە وێنەییەکان لەبەرنامەی کاری پڕۆژەکەدا، کە سەرەتایەکی پێویست و باش بوو بۆ دەستپێکردنی  هەر دوو وۆركشۆپەکەی پڕۆژەکە لە ڕۆژی چوارەم بەدواوە.

جێی بیرهێنانەوەیە کە لە کۆتایی بەرنامەی کاری سێیەم ڕۆژدا، ئامادەبووان خۆشحاڵییان دەربڕی بۆ باش بەڕێوەچوونی کارەکانی پڕۆژەی بەیەکگەیشتنی کلتورەکان لە ڕووی بەهای مرۆیی وکلتوریی وهونەرییەوە بۆ هەرچی زیاتر بەیەکگەیاندنی هونەرمەندان وئەکادیمیستان لە وڵاتانی ناوچەکەوە بە هاوتاکانیان لە ئەڵمانیا ونەمسا و وڵاتانی تری ئەوروپا.

ڕۆژانی وۆرکشۆپ (2022/10/10-5)

ڕۆژی چوارشەممە 2022/10/5 و ڕۆژانی دواتر جگە لە هەینیی و شەممە تا ڕۆژی چوارشەممە 2022/10/ 12 هەر دوو وۆرکشۆپی هەریەك لە  (پ. پەرستۆ فرۆهەر) بۆ پراکتیزەکردنی پاتێرن- نەخش و نیگار و مامۆستا (وریا ئاریا) سەبارەت بە پەیڕەوکردنی کرداریی پەیکەرسازیی بۆ گێڕانەوەی یادەوەریی ئەنجامدران.

بە درێژایی ڕۆژانی هەر دوو وۆرکشۆپەکە کە لە کاتژمێر 2 ی پاش نیوەڕۆوە بۆ 5 ی سەر لە ئێوارە بوون، هونەرمەندانی میوان لە ڕێی گفتوگۆی چڕوپڕ و ڕێنمایی کردارییەوە لەگەڵ هەر مامۆستا و خوێندکارێکی بەشداربوو زانین وتەکنیك و سەرنج و تێبینیی پێویستیان پێشکەش کرد بۆ گەیشتن بە هەڵبژاردنی ئەو شێوازی کارەی بە باشترین شێوە لەگەڵ بیرۆکە و ڕوانین و ئامانجی هەر بەشداربوویەك دەگونجێت بۆ دەستنیشانکردنی بابەتێك و کارکردن لەسەری بۆ ئەوەی لە کۆتا ڕۆژی پڕۆژەکەدا و لە نماییشە پێشکەشکارییەکەی کۆتاییدا لە کارگەی کلتور نمایش بکرێن.

بە بۆچوونی مامۆستایان وخوێندکارانی بەشداربوو، ئەو دوو وۆرکشۆپەی (پ.فرۆهەر) و (م.ئاریا) دەرفەتێکی گرنگ و پێویست بوو بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان وهێنانەئارای بیرۆکەی تازە وگۆڕانکاریی لە شێوازی کارکردن لە پێشوودا بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونکردنی بابەتی تازە لە بەر ڕۆشنایی بابەتە پێشکەشکراوەکان و ئەو پێشنیاز و سەرنجانەی مامۆستایانی میوان پێشکەشیان کردووە.

هاوکات پێشنیازیش کرا تیمی میوان و خانەخوێی پڕۆژەکە لە کۆتا ڕۆژدا کۆببنەوە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەبارەی ئەگەری فراوانکردنی پڕۆژەی بەیەکگەیشتنی کلتورەکان بەجۆرێك ژمارەی بەشداربووانی زیاتر ببن و بکرێتە چالاکییەکی هاوبەشی ساڵانەی کوردۆلۆجی و هینتەرلاند.

لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەشدا، هەر بەشداربوویەك کارە هونەرییە تەواوکراوەکەی نیشانی ڕێکخەرانی پڕۆژەی بەیەکگەیشتنی کلتورەکان دا بۆ نماییشکردنی لە ڕۆژی پێشکەشکارییەکەدا.

دیداری میوانانی کوردۆلۆجی و سەرۆکی زانکۆ: 2022/10/9

ڕۆژی یەکشەممە 2022/10/9 ، تیمی پڕۆژەی (بەیەکگەیشتنی کەلتوورەکان) لە بەرنامەی سەر لەبەیانی ڕۆژی هەشتەمی پڕۆژەکەدا، سەردانی پرۆفیسۆر (د.کۆسار محەمەد عەلی) سەرۆکی زانکۆی سلێمانییان کرد کە لە ئۆفیسی خۆی بەگەرمیی پێشوازیی لێکردن.

 ئامانج لەو دیدارەی تیمی میوان و سەرۆکی زانکۆ لە نزیکەوە یەکترناسین و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بوو سەبارەت بە  کاری پێکەوەیی لە داهاتوودا بەتایبەت کە یەکەم پڕۆژەی هاوبەش بە ناوی (بەیەکگەیشتنی کلتورەکان) ئومێدبەخ بۆ هەوڵدان لە پێناو کاری زیاتر وباشتردا.

لەو ڕووەوە تیمی میوان سەرۆکی زانکۆیان ئاشناکرد بە پڕۆژەکە وەك چالاکییەکی ئەکادیمیی وکلتوریی وهونەریی ناوازە و بەبەها کە بەخۆشحاڵییەوە مەڵبەندی کوردۆلۆجی - زانکۆی سلێمانی بە هاوکاریی و پشتیوانیی مامۆستا دارۆ ڕەسول لە گەلەری ئێستای کارگەی کلتوری سلێمانی ڕێکخستووە و ڕۆژی 2022/10/2 دەستی پێکردووە و تا 2022/10/13 بەردەوام دەبێت.

لەو بارەیەوە هونەرمەندی ئەکادیمیست (د.عوسمان قادر) ئاماژەی بۆ بایەخ وپێویستیی ئەو پڕۆژەیە کرد کە تا ئێستا بە پێی بەرنامەی کارەکەی، چوار سیمینار پێشکەشکراون و کارەکانی دوو وۆرکشۆپی پڕۆژەکەش بەباشیی بەڕێوەدەچن بۆ ئاشناکردنی مامۆستایان ودەرچووان وخوێندکارانی بەشە جیاوازەکانی کۆلێجی هونەر بە ئەزموون وپڕۆژە هونەرییەکانی مامۆستایانی ڕاهێنەر بە پیشاندانی تابلۆ وئینستلەیشن وپەیکەرەکانیان وڕاهێنانی بەشداربووانی ئەو چالاکییانە لەسەر چوارچێوەی تیۆریی وچەمکسازیی وشێوازی کرداریی کارکردنیان لە ساڵانی ڕابردوودا. ئەوەشی ڕاگەیاند کە تا ئێستا کارەکانی ئەو پڕۆژەیە جێی خۆشحاڵیی وبەرزنرخاندنی ئامادەبووان وبەشداربووان بووە لە سۆنگەی ناوەڕۆکی گرنگی بابەتەکان و شێوازی سەرنج ڕاکێشی پێشکەشکردن وگفتوگۆی کراوە وئاڵوگۆڕی بیروڕاوە لە نێوان ئەکادیمیستانی پڕۆژەکە وبەشداربوواندا.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆکی زانکۆی سلێمانی پشتگیریی وپشتیوانیی دووپاتکردەوە بۆ مەڵبەندی کوردۆلۆجی وپڕۆژەی (بەیەکگەیشتنی کلتورەکان) وەك چالاکییەکی گرنگ و پێویست بەتایبەت کە پڕۆژەکە بە دیدگای نزیك کردنەوەی هونەرمەندان لە یەکترو دروستکردنی پردی پەیوەندیی و بەیەکگەیاندنی کلتورە جیاوازەکان  ودامەزراندنی پرۆژەی هونەری هاوبەشەوە هاتۆتە بەرهەم.

هەر لە بارەی ئەو سەردانەوە، (د.گودرون) بە وێبسایتی مەڵبەندی کوردۆلۆجی ڕاگەیاند کە دیداری تیمەکەیان و سەرۆکی زانکۆ جێی خۆشحاڵییان بووە وسوپاس و پێزانینی دەربڕی بۆ سەرۆکی زانکۆ بۆ پێکەوە دانیشتن ویەکترناسین. هەروەها ستایشی دید و ڕوانینەکانی سەرۆکی زانکۆی کرد بۆ پشتگیریی کردن لە پڕۆژەکە وزیاتر پەرەپێدانی کلتور وهونەر لەو ناوەندە گرنگەی خوێندنی باڵادا لە هەرێمی کوردستان.

 ڕۆژی نماییشی پێشکەشکاریی: 2022/10/13

کاتژمێر 1ی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی پێنج شەممە 2022/10/13 لە کۆتایی پڕۆژەی (بەیەکگەیشتنی کلتورەکان) دا  لە کارگەی کلتور، تیمی پڕۆژەکە دەستبەکاربوون بۆ ڕێکخستنی نماییشی پێشکەشکاریی کۆی بەرهەمەکانی بەشداربووانی پڕۆژەکە لە بوارەکانی نەخش و نیگار و پەیکەرسازییدا.

بۆ ئەو مەبەستەش تیمی پڕۆژەکە ڕاڕەوی کارگەی کلتوریان دەستنیشانکرد بۆ نماییشکردنی بەرهەمەکان کە گوزارشتیان دەکرد لە چەندین دیدگا و بانگەواز بۆ پاراستنی ژینگە و نەمانی شەڕ وجەنگ وتوندوتیژیی دژ بەژنان وخۆشنووسیی وەك ئامرازی گێڕانەوەی ڕووداوگەلی مێژوویی وپێکەوە لەگەڵ بەشداربوواندا بە شێوازێکی سەرنج ڕاکێش ئامادەیان کرد وکاتژمێر 3ی پاش نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ بە ڕووی میوانانی نماییشەکە و کارگەی کلتوردا کرایەوە.

بەو بۆنەیەشەوە (د.گودرون واڵنبۆك) دامەزرێنەری هینتەرلاند وهاوڕێکخەری پڕۆژەکە لە لێدوانێکدا بۆ وێبسایتی مەڵبەندی کوردۆلۆجی دەربارەی کۆی پڕۆژەکە وتی" بە بڕوای من ئەمە هەنگاوێکی سەرەتای گرنگە بۆ بەدیهێنانی ئاڵوگۆڕێکی بەرهەمدار وگرنگ بوو ببینین لێرە کاروبارەکان چۆنن وبزانین چی دەگوزەرێت وکاردانەوەکان چۆن دەبن". ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ئەو پڕۆژەیە بۆ هەمووان سەرنج ڕاکێش بوو و وتی " لە کۆی بەرهەمە نماییشکراوەکانەوە دیارە کە پڕۆژەیەکی بەرهەمدار بووە". جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستیی بەردەوام بوونی ئەو جۆرە پڕۆژانە لە داهاتوودا.

لە کۆتایی نماییشەکەشدا کە تا کاتژمێر 4:30 ی سەر لە ئێوارە بەردەوام بوو، (د.عوسمان قادر ئەحمەد) بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی لە وتەی کۆتاییدا جارێکی تر سوپاس وپێزانینی دەربڕی بۆ هەر سێ میوانی شاری سلێمانی وئەندامی تیمی پڕۆژەکە (د.گوردرون) و (پ. پەرستۆ) و (م.وریا) بۆ ئامادەبوونیان لەسەر ئەرکی خۆیان لەو پڕۆژە نایاب و سەرکەوتووەدا کە بیرۆکە و پلانەکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. هەروەها بە تایبەتیی سوپاسی (د.گودرون)ی کرد کە پێکەوە بیرۆکەی پڕۆژەی (بەیەکگەیشتنی کلتورەکان) یان گەڵاڵەکرد و دەرفەتی ڕەخساند بۆ ئاشناکردنی مامۆستایان و خوێندکارانی بەشداربووی پڕۆژەکە بە  (پ. پەرستۆ) و (م.وریا) کە لای خۆیانەوە زۆر خۆشحاڵییان دەربڕیی کە سەردانی سلێمانییان کرد وسوپاسی بەشداربووانی هەر دوو وۆرکشۆکەیان کرد کە ئەو بەرهەمە سەرنج ڕاکێشانەیان بەدیهێنا.

لە دوا بڕگەی ئەو ڕۆژەدا و بەر لە ماڵئاوایی تیمی پڕۆژەکە و ئامادەبووانی نماییشەکە، هونەرمەندی ئەکادیمیست (د.عوسمان قادر) ماکێتی ڕێزلێنانی پێشکەشی هەر سێ میوانی مەڵبەندی کوردۆلۆجی بۆ هەوڵی بەرچاویان لە بنیاتنانی پردی کلتوریی لە ڕێی هونەر و دیالۆگەوە و (م.دارۆ ڕەسول) ڕێکخەری گەلەری ئێستا بۆ پشتیوانیی و ئامادەیی لە پڕۆژەکەدا و (م.ی جەمیل عەلی) لە بەشی پەیوەندیی وڕاگەیاندنی کوردۆلۆجی بۆ کاری وەرگێڕان. هەروەها سوپاسی فەرمانبەرانی ئامادەبووی پڕۆژەکەی لە مەڵبەندی کوردۆلۆجییەوە کرد بۆ ڕووماڵی وێنەیی چالاکییەکانی پڕۆژەکە و کاروباری لۆجستیی لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی خۆبەخشانە بوونە بەشێك لەو پڕۆژەیە.

دواتر (م.کۆسارمجید)  مامۆستا لە کۆلێجی هونەر بەناوی خۆی و کۆی بەشداربووانی سیمینار و هەر دوو وۆرکشۆپی پڕۆژەکەوە سوپاسی تیمی پڕۆژەکەی کرد وخۆشحاڵیی دەربڕیی بۆ دامەزراندنی ئەو پردی پەیوەندییە کلتوریی وهونەرییە و ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە کە ئەزموونێکی پڕ خۆشیی و ئاڵوگۆڕیی بیروڕا و ئاشنابوون بە دیدی نوێی کارکردن بوو.