پێشانگای بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی لە (گەلەری ئێستا) دەکرێتەوە

ڕۆژی چوارشەممە  2019/12/18، پێشانگای (عوسمان قادر ئەحمەد)هونەرمەند وئەکادیمست وبەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی - زانکۆی سلێمانی بە ناوی (پڕۆژەی هێڵکاریی : دۆکیومێنتی تاریکیی) ەوە لە (گەلەری ئێستا) لە کارگەی کلتور (کارگەی جگەرەی کۆن) لە سەر شەقامی سالم لە شاری سلێمانی کرایەوە بە سپۆنسەری (هیوا فاوندەیشن).

کردنەوەی ئەو پێشانگا هونەرییە کە تا 2020/2/18 بەردەوام دەبێت و لەلایەن بەڕێز (دارۆ) وە ڕێکخراوە، سپێردرا بە خاتوو (شەوبۆ قادر)ی خوشکی هونەرمەند وەك ڕێزلێنانێك لە خانمانی قوربانیدەر بەگشتیی و ئەو خانمە ماندوونەناسە بەتایبەتیی.

لەو بارەیەوە هونەرمەند ڕایگەیاند ئەو خوشکەی کە ئێستا یەکێکە لە فەرمانبەرە نموونەییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیی، خوشکێکی نموونەیی و کەم وێنەیە لە قوربانیدان وخۆنەویستییدا  وساڵانێکی زۆرە خۆی تەرخانکردووە بۆ خزمەتکردن وچاودێرییکردنی برایەکیان کە لە سەردەمی ڕژێمی لەناوچووی بەعسدا و لە تەمەنی 14 ساڵییدا بووە  لە کات وساتی ڕاپەڕینی مەزنی شاری سلێمانی ساڵی 1991 دا  لەگەڵ پێشمەرگە و خەڵکی ڕاپەڕیودا هەڵمەت دەبەن و دەچنە ناو ئەمنە سورەکە وە و لە نێو ڕووداو و دیمەنی شەڕ و  پێکدادانە خوێناویەکەی ناو ئەمنە سورەکە کە دەبینێت و کای تێدەکات و بەرگەی  ناگرێت و بە دوایدا توشی گرانەتایەکی قورس دەبیت و کە چاک دەبێتەوە  بە کاریگەریی بینینی ئەو کوشتارەی ناو ئەمنە سورەکە   توشی زەبرێکی دەروونی بەهێز بووە و تا ئێستا بەدەستییەوە دەناڵێنێت وتەنها لە توانای کەسێکی وەکو خاتوو شەوبۆدا بووە ئەو برایەیان بێ خزمەت نەبێت.

كردنەوەی ئەو پێشانگایە  دەرفەتێك دەبێت  بۆ میوانانی گەلەرییەکە بەگشتیی و هونەرمەندان بە تایبەتیی بۆ بینینی تابلۆ و بەرهەم و کارە هونەرییەکانی پێشانگاکە کە ژمارەیەکی زۆر هێڵكارییان تێدایە و بەشێكن لە (355) تابلۆی هێڵكاریی و نزیكەی هەزار سكێچی تایبەت بە مێژووی زارەكیی جینۆسایدی كورد کە چیرۆكە نەبیستراو و نەبینراوەكانی  دەیان هەزار كوردی ئەنفالكراو بەرجەستە دەکەن. هەروەها هەنگاوێکی گرنگیشە بۆ زیاتر برەوپێدان و ناساندنی ئەو پرۆژە هونەرییە كەم وێنەیەی مێژووی زارەكیی جینۆسایدی كورد و بینینی ئەو تابلۆ و بەرهەمە تازانەی کە هونەرمەند لە ماوەی ڕابردووی کارکردنیدا پاش بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لە ساڵی (2013) و گەڕانەوەی بۆ شاری سلێمانی ئەنجامیداون.

لە بارەی پێشانگاکەیەوە، بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە تابلۆکانی پێشانگاکە گوزارشتن بۆ ئەو ڕۆژگارە پڕ لە ستەم و چەوساندنەوە و ئازار و ئەشکەنجەدانەی بەسەر خەڵکی ستەمدیدەی کوردستاندا هاتووە و وتی "ئێمە تا ئەم ساتەوەختە لەگەڵ کاریگەرییەکانی ئەو ئازارانەدا دەژین و بۆتە بەشێکی دانەبڕاو لە مێژووی خێزانەکەمان".

لە بارەی کاردانەوەی میوانانی پێشانگاکەوە، ئەو هونەرمەندە ناسراوەی کورد، خۆشحاڵیی دەربڕی بە ئامادەبوونی میوانانی پێشانگاکە لەوانە پارێزگاری سلێمانی کە پاش ستاییش و دەستخۆشیی بۆ (د.عوسمان قادر) بۆ نەخشاندن و کێشانی ئەو تابلۆ سەرنجڕاکێشانە، ئامادەیی تەواوی بۆ هەموو هاوکاریی و کارئاسانییەك بۆ پاراستنی ئەو بەرهەم و کارە هونەرییانە دەربڕی.

پیشاندانی ئەو هێڵکارییانەی هونەرمەند بایەخێکی هونەریی ومێژوویی هەیە لەو سۆنگەیەوە کە هونەرمەندان و ئه‌کادیمستان و ڕەخنەگرانی هونەریی سەردانی پێشانگاکە دەکەن و لە ڕووی شارەزایی و ئەزموونی خۆیانەوە دید و ڕوانینه‌كانیان دەخەنەڕوو.

شایانی باسە ئەمە یەکەم جار نییە کە (د.عوسمان قادر) پێشانگای هونەریی لەو جۆرە بکاتەوە لەبەر ئەوەی لە ساڵی 1988 ەوە سەرپەرشتیی چەند پێشانگایەکی هاوبەش و تایبەتی کردووە بۆ ناساندنی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە لە ئێران و تابلۆکانی بەشێوەیەکی بەربڵاو لە وڵاتانی بەریتانیا و نەمسا و ئێران و تورکیا  و سوریا نماییشکراون.

پیشاندانی هێڵکارییەکانی ئەو شێوەکارە ناسراوەی کوردستان لە شاری سلێمانی بەرجەستەکردنی گرنگیپێدانی (گەلەری ئێستا) و ڕێکخەرانی پێشانگاکەیە بە ڕۆڵی هونەر لە هێشتنەوە و دروستکردنی یادەوەریی لەسەر نەهامه‌تيیەکانی خەڵکی کوردستان. هەروەها ئاماژەیەکیشە بۆ هەڵسەنگاندن و بەهەندوەرگرتنی ئەزموون و هەوڵەکانی (عوسمان قادر)ی پێشمەرگەی هونەرمەند وشێوەکار لە پێناوی بەئاگاهێنانی نێوەندە ئه‌کادیمیی و ڕۆشنبیرییەکانی ناوخۆ و دەرەوە لەسەر مەرگەساتەکانی کورد لە دەیان ساڵی ڕابردوودا.