پرۆفیسۆری ناوداری کورد د. محەمەد کەمال سەردانی مەڵبەندی کوردۆلۆجی دەکات

 

رۆژی 2019/12/9 ، (د.عوسمان قادر ئەحمەد) بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی – زانکۆی سلێمانی بەئامادەبوونی لێپرسراوانی بەشەکانی توێژینەوە و وەرگێڕان و ڕۆشنبیریی و پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی مەڵبەند پێشوازییکرد لە ئەکادیمیست و نوسەر و وەرگێڕی ناسراوی کورد (پرۆفیسۆر دکتۆر محەمەد کەمال) کە ماوەیەکە بەسەردان لە وڵاتی ئوسترالیاوە گەڕواتەوە بۆ کوردستان.

مەبەست لەو سەردانەی (پ.د.محەمەد کەمال ) بیروڕاگۆڕینەوە بوو لەگەڵ بەڕێوەبەر و لێپرسراوانی توێژینەوە و وەرگێڕان و ڕاگەیاندن و بینینی بەشەکانی مەڵبەندی کوردۆلۆجی . لەو بارەیەوە مامۆستا عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجیی لێپرسراوی بەشی وەرگێڕان و ڕۆشنبیریی مەڵبەند ڕایگەیاند دیدارەکە دەرفەتێك بوو بۆ ئاشنابوون بە تازەترین بەرهەمی وەرگێڕدراوی ئەو بیرمەند و نووسەرە گەورەیەی کورد کە خاوەنی چەندین کتێبی نووسراو و وەرگێڕدراو و توێژینەوەی  گرنگە لە بوارەکانی مرۆڤناسیی و فەلسەفە و شیعر و زمان و هونەردا بە هەردوو زمانی کوردیی و ئینگلیزیی.

شایانی باسە (د.محەمەد کەمال) لە نێو کایەی ئەکادیمیی فەلسەفە و وەرگێڕاندا ناو و پێگەیەکی باڵا و دیاری هەیە بەهۆی بایەخ و گرنگیی بەرهەمەکانییەوە کە کتێبخانەی کوردییان دەوڵەمەند کردووە. بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە ژیان و بەرهەمەکانی ئەو کەسایەتییە ئەکادیمییەی کوردستان و ئوسترالیا دەتوانن سەردانی ماڵپەڕە تایبەتییەکەی بکەن لەم بەستەرەوە: (کلیک لێرەبکە).