نووسەرێكی بەناوبانگی فەرەنسی سەردانی مەڵبەندی كوردۆلۆجی دەکات


ئێوارەی رۆژی شەممە 4/ 11/ 2018 د.جێرارد شالیاند شاعیر و كەسایەتیی ئەكادیمی فەرەنسی ئەرمەنی نەژاد و پسپۆڕی بواری جیۆپۆلەتیكی نێودەوڵەتی لەگەڵ رزگار حاجی مستەفا، كە پێشمەرگەیەكی دێرینە وماوەیەکی زۆرلە فەرەنسا بووە و ئێستا لە ئینستتیوتی فەرەنسی کاردەکات،  سەردانی مەڵبەندی كوردۆلۆجی زانكۆی سلێمانیان كرد. 
مەبەست لە سەردانەكەی د. شالیاند بینینی كارە هونەرییەكانی د.عوسمان قادر ئەحمەد لێپرسراوی بەشی هونەری مەڵبەندی كوردۆلۆجی بوو كە بەرجەستەكردنێكی شێوەكارییه بۆ شاڵاوەكانی كۆمەڵكوژیی ئەنفال لە ساڵی 1988 دا  لەلایەن رژێمی لەناوچووی بەعسەوە دژ بە خەڵك و خاكی كوردستان ئەنجامدرا.
بەر لەو سەردانە بۆ مەڵبەندی كوردۆلۆجی، د. شالیاند سەردانی پێشانگا هونەرییەكەی د. عوسمان قادری كردبوو لە گەلەری (كەریم چاوشین) لە شەقامی گۆران لە شاری سلێمانی. 
لەبارەی ئەو سەردانەوە، د.عوسمان قادر ئاشكرای كرد لە پێشانگەكەیدا د. شالیاند زۆر گرنگی دا بە كارەكان و بە وردی بە دواداچوونی بۆ شێوازی كارە هونەرییەكان كرد.
د.عوسمان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە لە پێشانگەكەیدا میوانە فەرەنسییەكەی پەرۆشیی بۆ سەردانی مەڵبەندی كوردۆلۆجی نیشاندا بۆ بینینی هەندێكی تر لە كارە هونەرییەكانی كە ماوەی چەند ساڵێكە بە دیوارەكانی مەڵبەندی كوردۆلۆجییەوە هەڵواسراون. 
د. جێرارد شالیاند ساڵی 1934 لە برۆكسلی پایتەختی بەلژیكا لە خێزانێكی ئەرمەنی دا لە دایك بووە و لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا گەورەبووە. ئەكادیمیست و نووسەر و پسپۆڕێكی  ناودارە لە بواری جوگرافیای سیاسیدا و بەشێوەیەكی بەرچاو گرنگی داوە بە ستراتیژی سەربازی و خەباتی پارتیزانیی و شەڕی گەریلایی گەلە شۆڕشگێڕەكان لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا لە ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریكای لاتین و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. لەو ڕووەوە  زیاتر لە 70 كتێبی چاپكراوی هەیە كە دوور لە سانسۆر و سیاسەت و روانینی رەسمیی حكومەتی وڵاتەكەی و وڵاتانی تری پەیوەندیدار و ناوەند و پەیمانگە سیاسییەكانی جیهان چاپ و بڵاوكراونەتەوە. لەو سۆنگەیەشەوە نووسینەكانی روانینێكی سەربەخۆ دەخەنەڕوو لەمەڕ زۆرێك لە ململانێ و ناكۆكییە سیاسیی و سەربازیی و چەكدارییەكانی هەردوو سەدەی بیست و بیست و یەك.
د.شالیاند كە ساڵی 1975 لە زانكۆی سۆربۆن لە پاریس بڕوانامەی دكتۆرای بەدەستهێناوە پەیوەندییەكی دێرينی هەیە بە گەلی كورد وكوردستانەوە. لەو بوارەشدا راپۆرتێكی هەیە بە ناوی (تراژیدیای كورد) ەوە كە ساڵی 1994 لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بڵاوكراوەتەوە و ئاڕاستەی كۆمیسیۆنی  مافەكانی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان كراوە دەربارەی بارودۆخی كورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.