نوێنەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی بەشداریی دەکات لە "کۆنگرەی ناودارانی کورد"دا  لە شاری سنه‌

ڕۆژانی 2 و 3 و 4/7/2019، لە شاری سنەی مەڵبەندی پارێزگای کوردستان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران،  "کۆنگرەی ناودارانی کورد" بەڕێوەچوو کە تیایدا دەیان کەسایەتیی ناسراوی کورد لە وڵاتانی ئێران، عێراق، تورکیا و وڵاتانی ترەوە بانگهێشتکرابوون.

لە ناو بەشداربووانی کۆنگرەکەدا، (پ.د.محەمەد رەئوف سەعید) لێپرسراوی بەشی توێژینەوەی مەڵبەندی کوردۆلۆجی-زانکۆی سلێمانی بوو کە مامۆستا و توێژەر و نووسەر و کەسایەتییەکی ئەکادیمیی پڕبەرهەمی زانستییە و یەکێکە لەو کەسایەتییە زانستییە کەمانەی لە هەرێمی کوردستاندا نازناوی پرۆفیسۆری لە ئابووریدا وەرگرتووە.

پ.د. محەمەد رەئوف پاش گەڕانەوەی بۆ سلێمانی لە لێدوانێکدا خۆشحاڵیی دەربڕی کە بە نوێنەرایەتیی مەڵبەندی کوردۆلۆجی - زانکۆی سلێمانی وەڵامی بانگهێشتنامەی پارێزگاری کوردستانی دایەوە و لەو کۆنگرەیەدا ئامادەبوو کە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە ڕێکیخستبوو.

ئاماژەشی کرد بۆ ئەوەی کۆنگرەی ناودارانی کورد هەنگاوێك بوو لە کرانەوەی دەوڵەتی ئێران بە ڕووی خەڵکی کورد لە ئێران و دەرەوەدا. لەو چواچێوەیەشدا ژمارەیەکی زۆر لە ناودارانی کورد لە بوارەکانی زانست و هونەر و ئەدەبدا بانگهێشتی ئەو کۆنگرەیە کرابوون. هەروەها کۆنگرەکەی بە کردنەوەی دەروازەیەکی سیاسیی و کلتوریی دانا و وتی" باش وایە سوودی لێوەربگیرێت و بەشێوەیەکی ئاشتییانە بەرەو پێشەوە ببرێت".

شایانی باسە لەسەر ئاستی رەسمیی ئێران بایەخێکی بەرچاو بە کۆنگرەکە درابوو. بۆ ئەو مەبەستەش نوێنەری رابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی وتاری خوێندەوە کە تیایدا ستایشی خەڵکی کوردی کرد کە بە هونەردۆستیی و زانستخوازیی ناسراون.

هاوکات سەرۆکی دانشگای کوردستان لە سنە بە کوردیی وتاری خوێندەوە. پارێزگاری کوردستانیش وتاری پێشکەشکرد و ئاماژەیان کرد بۆ رۆڵی ناودارانی کورد لە خزمەتکردن بە فەرھەنگ و کلتووری گەلانی ئێراند. بۆ یەکەم جاریش دەرچووانی بەشی کوردیی لەگەڵ سەرۆکی بەشەکەیاندا بە زمانی کوردی سوێندی دەرچوونیان دووبارە کردەوە.

هەر لە کۆنگرەکەدا، کە لە نێو ئاپۆڕای جەماوەر و دانیشتوانی پەرۆش و پڕ لە جۆشی رۆژهەڵاتی کوردستاندا ئەنجامدرا، چەندین چالاکیی هونەریی و کلتوریی و زانستیی و ئەدەبیی پێشکەشکران.