مەڵبەندی کوردۆلۆجی کۆڕێکی بۆ بەڕێز (سەباح یاسین ئەحمەد) لەسەر کتێبە تازەچاپکراوەکەی سازکرد
 
رۆژی پێنج شەممە 31/10/2019 ، مەڵبەندی کوردۆلۆجی-زانکۆی سلێمانی لە هۆڵی داود بەگی جاف کۆڕێکی بۆ بەڕێز (سەباح یاسین ئەحمەد) نووسەر و پێشمەرگەی دێرین ڕێکخست لەسەر کتێبە تازە چاپکراوەکەی بەناوی (ئاو بە تاو ؛ فەرهەنگۆکی کوردیی- سۆمەریی).
لەو کۆڕەدا کە بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی و ژمارەیەك لە کەسایەتییە ناسراوەکانی شاری سلێمانی و ئەکادیمیستانی زانکۆی سلێمانی ئامادەی بوون ، نوسەری کتێبەکە پاڵپشت بە نیشاندانی وێنەیی بابەتەکە، باسی لە بیرۆکەی دانانی کتێبەکە و ئەو بابەتە گرنگانە کرد کە لە کتێبەکەیدا  پاڵپشت بە سەرچاوە کۆن و نوێکان دەربارەی هەردوو زمانی کوردیی و سۆمەریی نووسیونی.
لەو بوارەدا نووسەر ئامادەبووانی ئاشناکرد بە چەندین بابەتی گرنگی  کتێبەکەی کە بەرهەمی گەشت و گەڕان و توێژینەوە و خوێندنەوەیەکی دوور و درێژ بووە بەدوای وەڵامی پرسیاری (بۆ گەلی کورد بەرگریی لەبوونی خۆی دەکات و لەکۆتاییدا تێکدەشکێتەوە؟). لەم ڕووەوە نوسەر لە پێشەکیی کتێبەکەیدا نووسیویەتی:" ئەوە پرسیاری ساڵی 1977ی شاخم بوو، کە لەخۆمم کردبوو، کەواتە ئەم کارو لێکدانەوەیەم بەرهەمی تێڕامانە لەخودی لاوازی کارو بیری خۆم و هێزی زوانەکەم کە کۆی کولتوری کوردی میکانیزمی بەرگرییەکەی داڕشتووە".
نووسەر جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی زمانی کوردیی بنەما و هۆکارێکی بنەڕەتیی مانەوەی کورد بووە تاوەکو ئیستا. نەك هەر ئەوەش بەڵکو بنەمایەکی سەرەکیی بووە بۆ گوزارشتکردن لە دونیابینیی و ئەقڵانییەتی کورد لەڕێی ئەو مانا کردگاری و پەروەردگارییانەی لە زوانەکەدا پارێزراون و هێماکانی بیرکارییانە داڕێژراون.
لەم بارەیەوە نووسەر ڕوونیکردەوە کە لەم فەرهەنگۆکەیەدا بەراوردێکی کردووە لە نێوان دونیابینیی کورد و دونیابینیی سۆمەریەکاندا و لە کۆی وەڕگێڕانی لە سەدا شەستی فەرهەنگۆکەکەی لە فەرهەنگێکی سۆمەرییەوە  بۆی دەرکەوتووە کە  بەڕێژەی لە سەدا دوانزە  هێما و کۆد و داتای هاوبەش هەیە لە نێوان ئەو دوو زمانەدا. بەمەش دەکرێت بوترێت لەیەکچوونێکی باش هەیە لە نێوان ئەو دنیابینیی وچەمك وواتا وبیرکارییانەی کە لەناواخنی ئەو هێما زوانییانەدان. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە خودی کورد خۆی بۆ خۆی خاوەن مێژوویەکی دێرین و خاوەن شارستانییەت و ژیارییەکی گەورە بووه  چونکە لە ڕاستییدا هەموو ئەو وشە و زاراوانە ئاماژە بە ڕوانگەیەکی ئەقڵانیی باڵای داپیر و باپیرە گەورەکانی ئەم نەتەوەیە دەکەن لە پێشیندا کە نەتەوەکانی تریش توانیویانە سوودی لێوەربگرن.
بەبڕوای ئامادەبووانی کۆڕەکە و ئەو کەسانەش کە کتێبەکەیان خوێندۆتەوە، بەڕێز سەباح یاسین لەم هەوڵەیدا  ئەو ڕاستییەی بەرجەستەکردووە کە بۆ ئەوەی شارەزاییمان لە زمانی کوردییدا هەبێت، دەبێت سەرەتا شارەزاییمان لە مێژووی کورد و سەرچاوەی وشەکانی زوانەکەی هەبێت.
لەم سۆنگەیەوە کۆڕەکەی مەڵبەندی کوردۆلۆجی دەرفەتێکی گرنگ بوو تاوەکو بەڵگەی ڕەسەنیی و پشت قایمیی زمانی کوردیی بە پاشخان و بنەمایەکی مێژوویی و شارستانیی تۆکمە  بەیان بکرێت.هەروەها پێوەندیی وشە کوردییەکان بە وشەی هەزاران ساڵ لەمەبەرەوە بخرێتەڕوو لەڕێی باسکردنی ئەو کتێبەکەوە کە خوێندنەوەیەکی قوڵتری تێدایە بۆ وشەکانی هەردوو زمانی کوردیی و سۆمەریی و ڕوونکردنەوەی پەیام و فەلسەفەی وشەکان و پێوەندیی وشەکان بە بوون و سروشت و گەردوونەوە.
لەم بوارەدا نووسەر دەڵێت :" بۆ نموونە دەربڕینەکانی "ئاو" و "تاو"ی کوردی، هەروەها "ئود" و "ئا"ی سۆمەری، تەنیا وشە نین، بەڵکو بیرۆکەیی ــ کۆنسێپتی (تێگەییانە) ڕەخساون و بەوەش ڕوانگەیەکی ئەقڵانی (مۆغی) و زانستی لە ماناکانیا‌ندا، کە بیرکارییە دەردەکەوێت".
هەر سەبارەت بە کۆڕەکەی مەڵبەندی کوردۆلۆجی ، بەڕێز (پ.ی.د.شیلان عومەر) لە بەشی کوردی کۆلێجی زمانی زانکۆی سلێمانی بە بایەخەوە لە کتێبەکەی بەڕێز سەباح یاسین دووا. بە بڕوای ئەو کتێبەکە  بابەتێکی زۆر سەرنجڕاکێش و نوێیە کە تیایدا نووسەر باسی لە گرنگیی زمان کردووە کە هەر تەنها هۆکارێك نییە بۆ لەیەکتر تێگەیشتن و گواستنەوەی زانیاریی و بیروبۆچون و تێڕوانینەکان بەڵکو وەکو گەنجێکیش وایە کە دونیابینیی نەتەوەکان و تێفکرانی تاکەکانی هەموو کۆمەڵگایەك و ئاوەزمەندیی و ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی زادەی ژیانی هەموو نەتەوە و گروپەکان لە خۆیدا هەڵدەگرێت.