مەڵبەندی کوردۆلۆجی بە ڕێوڕەسمێکی سوپاسگوزاریی خانەنشین بوونی دوو فەرمانبەر پیرۆز دەکات

    ئەمڕۆ بەڕێوەبەر و لێپرسراوانی بەشەکان و ستافی ئەکادیمیی و فەرمانبەرانی مەڵبەندی کوردۆلۆجی-  زانکۆی سلێمانی بە ڕێوڕەسمێك بۆ دەربڕینی سوپاس و پێزانین و ماڵئاوایی کردن لێیان، خانەنشین بوونی هەر یەك لە مفەوەزی پلەیەکی پۆلیس (محەمەد علی محمد عزیز) و فەرمانبەری کارگوزاری یەك (حەمە غەریب ڕەشید فەتحوڵا) یان پیرۆزکرد کە پاش بەسەربردنی ساڵانێکی زۆر لە خزمەتی گشتیی خانەنشین بوون.
لەسەرەتای ئەو ڕێوڕەسمەدا، (د. پێشەوا عەبدولخالق) بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی لە وتەیەکی کورتدا و بە ناوی ئامادەبوانەوە جوانترین پیرۆزبایی لە هەر دوو بەڕێز محەمەد علی و حەمە غەریب ڕەشید کرد بە بۆنەی خانەنشین بوونیانەوە. هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ خزمەتی چەندین ساڵەیان دەربڕی و دووپاتی کردەوە کە خانەنشین بوون بڕیارێکە بۆ بەخشینی کاتێکی زیاتر بە خێزان و بە هیچ جۆرێك واتای ئەوە ناگەیەنێت کە کەسی خانەنشین کراو توانای کارکردنی نییە.  ستایشی دڵسۆزیی و کەسایەتیشیانی کرد  کە لە ماوەی ساڵانی خزمەتیاندا لە پەیوەندییەکی دۆستانەدا بوون لەگەڵ هاوکارانیان لەمەڵبەند. دواتر چەپکە گوڵی وەفا و دیاریی و بڕوانامەی ڕێزلێنانی مەڵبەندی پێشکەشکردن. داواشی کرد وەك هەمیشە مەڵبەند بە هی خۆیان بزانن و هەر کات پێیان خۆش بوو سەردانی بکەن.

لە بەرانبەردا هەر یەك لە بەڕێزان (محەمەد علی) و (حەمە غەریب ڕەشید) خۆشحاڵییان دەربڕی و سوپاسی بەڕێوەبەری مەڵبەند وئامادەبووانیان کرد بۆ ئەو ڕێزلێنان وماڵئاوایی کردنە دۆستانەیە.هاوکات ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکە پیرۆزباییان لەو دوو فەرمانبەرە دڵسۆزە کرد و پێکەوە ئامادەی گرتنی وێنەیەکی بەکۆمەڵ بوون.