لە نێوبایەخدانێکی میدیاییدا پرۆژەی کلتوریی (ئێمە دیارین) لە هۆڵی داود بەگی جاف نماییشکرا.

ڕۆژی چوارشەممە 2019/11/20، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەر وستافی ئەکادیمیی ولێپرسراوانی بەشەکان وفەرمانبەرانی مەڵبەندی کوردۆلۆجی وبەشداربووانی پڕۆژەی هونەریی ( ئێمە دیارین) و ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان و هاووڵاتییان لە شاری سلێمانی، لە هۆڵی داود بەگی جافی مەڵبەندی کوردۆلۆجی بەرهەم و کارە هونەرییەکانی ئەو پڕۆژەیە نمایشکرا. 

نمایشکردنی ئەو پڕۆژەیە، کە پرۆژەیەکی هونەریی پێکەوەیی نێودەوڵەتیی نێوان ڕێکخراوی مێسەلای سویسرا و مس گەلەریی سلێمانییە، لە ڕێوڕەسمێکدا بوو کە بە ساتێك ڕاوەستان بە بێ دەنگیی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان دەستیپێکرد. پاشان کورتەیەك لەو پڕۆژەیە لەلایەن پێشکەشکاری بڕگەکانی ڕێوڕەسمەکەوە خوێندرایەوە. بە دوایدا فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریی لەبارەی پرۆژەکەوە نیشاندرا کە تیایدا قۆناغەکانی ئەو پڕۆژەیە لە سەرەتای دەستپێکردنییەوە لە پارکی ئازادیی لە رۆژی 2019/11/5 ەوە تا ڕۆژی نماییشکردنەکەی لە مەڵبەندی کوردۆلۆجی لە 2019/11/20  خرابووەڕوو.

هەر بەو بۆنەیەوە بابەکر دڕەیی  بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی و هونەری سلێمانی وەك یەکەم لێپرسراوی بەشداربووی ڕێوڕەسمەکە وتاری پێشکەشکرد و تیایدا سوپاسی یەك بە یەكی هونەرمەندانی بەشداربووی پڕۆژەکە و هەریەك لە ڕێکخراوی مێسەلا و مس گەلەریی کرد بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆژەیە. هەروەها پڕۆژەکەی بە چالاکییەکی گرنگ دانا لە سلێمانی بەتایبەت پاش ئەوەی ڕۆژی 31 ی تشرینی یەکەمی 2019 و لە ڕۆژی جیهانی شارەکاندا، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و کلتور ( یۆنسکۆ) ، لە لیستێکدا بۆ شارە داهێنەرەکان شاری سلێمانی وەکو داهێنەر لەبواری ئەدەبدا دیاریکرد .لەم بارەیەوە بەڕێز دڕەیی ڕایگەیاند ئەم دەستنیشانکردنە وادەخوازێت لەمەودوا چالاکییەکان لەسلێمانیدا زیاتر وفراوانتر بکرێن بۆ پێشکەشکردنی هونەر بە شێوازێکی شایستە نەك بە شێوازێکی نماییشیی بەڵکو بە گیانێکی مرۆییەوە تاوەکو هونەرمەندان و ئەدیبان بەشداریی بکەن لە دەوڵەمەندکردنی کلتوری هونەری جیهانییدا لە سایەی گەڕانەوەی جیهاندا بۆ ڕۆڵی شارەکان ودەکرێت لەم بوارەدا سلێمانی لەم ئاستەدا ڕۆڵی خۆی ببینێت. هەروەها سوپاسی هونەرمەندانی بەشداربووی پڕۆژەکەی کرد کە پەیوەستە بە (ڕۆژاڤا) وە و وتی " بێگومان من سوپاسی هونەرمەندەکان دەکەم کە ئەو پرسەیان بیربووە ، خۆراوای کوردستان تەنها نەدەکرا بە سیاسەت پشتگیریی بکەین". لەم ڕووەوە دووپاتی کردەوە کە پرسی ڕۆژاڤا هەر بەتەنها سیاسیی نییە بەڵکو پرسێکی هونەریشە هەر بۆیە ڕەنگە ئەم کارانە کە لە قوڕ دروستکراون لێرە بۆ خەڵکی رۆژاڤا کە لە ئاستی جیهانییدا نماییش بکرێن بۆ خودی خۆیان مانایەکی سیمبولیی گەورەیان هەبێت. ئامادەیی بەڕێوەبەرایەتییەکەشی دەربڕی بۆ هەر کارێك کە پێویست بێت بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیە لە سەر ئاستی جیهانیی نیشانبدرێت.

پاشان د.عوسمان  قادر ئەحمەد ، بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی کە خۆی یەکێکە لە هونەرمەندانی بەشدار لە پڕۆژەکەدا ومەڵبەندەکەیشی نماییشکردنی ئەو پڕۆژەیەی لە ئامێزگرت، لە وتەیەکدا ڕایگەیاند ئەوان ناتوانن بە هونەر جینۆساید بووەستێنن و بە ڕووی دوژمنانی جوانییدا بوەستنەوە و وتی "دەتوانین پەیوەندییەکی زیندوو لەگەڵ گەلانی دیکە دروستبکەین و گوزارشت لە ئازارەکانمان بکەین".

دواتر هەریەك لە هونەرمەندانی بەئەزموون و خاوەنی بیرۆکەی پرۆژەکە ، ڤیگنەر نیهاوسی سویسریی و خاتوو ئۆزلەم یەشار کە کوردە دوابەدوای یەك بە زمانی ئەڵمانیی وتەیان پێشکەشکرد. سەرەتا  نیهاوس وتی" ئەم پرۆژەیە لێرەدا تەواو نابێت، بەردەوام لە گەشەسەندندا دەبێت و لە ھەڵەبجە خشتی دیکەی بۆ زیاد دەکرێت، لە کۆبانێش بەھەمان شێوە خشتی بۆ زیاد دەکرێت". پاشان هونەرمەند ئۆزلەم یەشار ئاماژی کرد بۆ ئەوەی ئامانجی پرۆژەکە ئەوەیە بڵێن  دەتوانین سنوورەکان ببەزێنین و بەدڵ لەگەڵ یەكتر بین وکاری پێکەوەیی دەتوانێت بەھێزترمان بکات و وتی " بیرمان کردووەتەوە لە داھاتووشدا پرۆژەی ھاوشێوە دروستبکەین".

لە بارەی ڕێکخستن و نماییشکردنی بەرهەمەکانی ئەو پڕۆژەیەوە، بەڕێز عەبدوڵا تاهیر بەرزنجیی نووسەر و وەرگێڕ و ڕەخنەگری شارەزای مەڵبەندی کوردۆلۆجی کە ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بوو لە لێدوانێکی کورتدا بەبایەخەوە باسی لە پڕۆژەی ( ئێمە دیارین)ی کرد وەك پڕۆژەیەك کە جیاواز لە کاری خەڵکانێکی تر، بە دووای شوناسدا دەگەڕێت و چەمکی خۆنوێکردنەوە دووپاتدەکاتەوە بەگەڕانەوە بۆ بنەڕەت و مێژووی ڕەسەنی نەتەوەی کورد دوور لەهەر جۆرە بە خۆرئاوایی کردن و لاسایی کردنەوەیەك بۆ شێوازەکانی وڵاتانی خۆرئاوا یان ئەو خواست و خولیایانەی لای هەندێك هەن بۆ بەخۆرئاوایی کردنی زۆرێك لە کایە گرنگەکانی کۆمەڵی کوردەواریی لەوانە ئەدەب و هونەر. لەم ڕوانگەیەوە بەڕێز بەرزنجیی وایدەبینێت کە پڕۆژەکە گەرەکییەتی بڵێت دەتوانین خۆمان نوێبکەینەوە بەگەڕانەوە بۆ ئەوەی لە ڕابردوویەکی دووردا هەمان بووە.

شایانی باسە هەر لە سەرەتای ڕاگەیاندنی پڕۆژەی (ئێمە دیارین) ەوە لە پارکی ئازادیی و نماییشکردنی بەرهەمەکانی لە مەڵبەندی کوردۆلۆجی بە بایەخێکی میدیایی بەرچاوەوە  ڕووماڵکراوە و لەلایەن ژمارەیەك ڕێکخراو و دامەزراوەی مەدەنیی و حکومیی پشتگیرییەکی گەورەی لێکراوە بە سەرچاوە مرۆییەکانیان نەوەك داراییەکانیان چونکە ڕێکخەرانی پڕۆژەکە داوای هاوکاریی داراییان لەکەس نەکردووە  لەبەر ئەو چەمك و شێواز و ئامانجانەی پڕۆژەکە هەوڵیداوە بەرجەستەیان بکات وەك پڕۆژەیەكی هونەریی نێوان كلتورەكان کە هونەرمەندانی کوردستان و سویسرا بەهاوکاری پەنابەران و ئاوارەو خەڵکی خانەخوێ سلێمانی جێبەجێیان کردووە.

لەم بوارەدا، هونەرمەند زانا ڕەسول لە مس گەلەریی لە لێدوانکدا بۆ بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی مەڵبەندی کوردۆلۆجی وردەکارییەکانی ئەو پڕۆژەیەی باسکرد کە چەمکەکەی لە پرسیارێکی هونەرمەندە سویسرییەکەوە دەربارەی ئەوەی کورد کێیە داڕێژراوە و وەڵامەکەش پێویستیی بە گەڕانێکی دووساڵی هەبووە و لەوەدا کورت بووەتەوە کە کورد خاکێکی هەیە لەگەڵ مرۆڤدا بەڵام مرۆڤەکانی تەنانەت لە خاکەکەی خۆشیاندا وەك تاراوگەنشین وبێ ناسنامەن وخاکەکەشیان بەردەوام دەکرێتە سوتماك. هەر لەبەر ئەمەش بە مەبەست  خاك و خۆڵی سلێمانی ودەست وپەنجەی هونەرمەندانی کورد وکەسانی نیشتەجێی سلێمانی لە پڕۆژەکەدا بەکارهێنراوە وەك دوو ماتریاڵی سەرەکیی بۆ دروستکردنی پارچەیەکی هونەریی دانسقە کە بمێنێتەوە بۆ ئەوەش بەشداربووان گەڕاونەتەوە بۆ 5 هەزار ساڵ پێش ئێستا تابزانن خشت چۆن دروستکراوە و بە چ تەکنیکێكیش بووە. لێرەوە بەکار‌هێنانی قوڕ لە پڕۆژەکەدا  بۆ گوزارشتکردن  بووە لە ئامادەیی قوڕ لە مێژوو ویادەوەریی گەلی کورد دا چونکە لە سەردەمە جیاوازە مێژووییەکانەوە قوڕ لەگەڵ مرۆڤایەتیی و کورد بە تایبەت هاتووە و دوانەیەکی دانەبڕاوبوون.