لە مەڵبەندی كوردۆلۆجی بەشداربووان و هاوكارانی پڕۆژەی (ئێمە دیارین) بڕوانامەی ڕێزلێنان وەردەگرن.

پاش ئەوەی ڕۆژی 2019/11/20 لە نێو بایەخدانێکی میدیاییدا پرۆژەی کلتوریی (ئێمە دیارین) لە هۆڵی داود بەگی جاف نماییشکرا ، ڕۆژی 2019/12/4 لە ئۆفیسی (د.عوسمان قادر ئەحمەد) بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی  بڕوانامەی ڕێزلێنان بەخشرا بە بەشداربووان و هاوكارانی ئەو پڕۆژەیە كە مانگی
ڕابردوو بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان و هاووڵاتییانی شاری سلێمانی بەرهەم و کارە هونەرییەکانی  نمایشکرا.
هەر بەو بۆنەیەوە و پاش وەرگرتنی بڕوانەمەی ڕێزلێنانیان، بەڕێوەبەری مەڵبەندی كوردۆلۆجی كە خۆی بەشداربوویەكی پڕۆژەكەبوو لەگەڵ هونەرمەندانی تری پڕۆژەكە و ئەو كەس و لێپرسراوانەی هاوكاربوون وێنەیەكی بەكۆمەڵیان گرت لە شوێنی نمایشكردنی هەندێك لە بەرهەمەكانی پڕۆژەكە لە  بەردەم هۆڵی داود بەگی جافی مەڵبەندی كوردۆلۆجی.

شایانی باسە (ئێمە دیارین) پرۆژەیەکی هونەریی پێکەوەیی نێودەوڵەتیی نێوان ڕێکخراوی مێسەلای سویسرا و مس گەلەریی سلێمانییە، كە ڕۆژی 2019/11/5  لە پاركی ئازادی شاری سلێمانی لە نزیك مەزاری شاعیری گەورەی كورد (شێركۆ بێكەس) دەستیپێكرد و نماییشکردنەکەی لە مەڵبەندی کوردۆلۆجی بوو لە ڕۆژی 2019/11/20 دا.