کونسوڵی گشتیی کۆماری فەڕەنسا سەردانی مەڵبەندی کوردۆلۆجی دەکات







     سەرلەبەیانی ڕۆژی  2020/12/6 ،بەڕێز (ئۆلیڤیێ دێکۆتینی) کونسوڵی گشتیی کۆماری فەڕەنسا لە هەولێڕی پایتەختی هەرێمی کوردستانەوە بەسەردانێك گەیشتە مەڵبەندی کوردۆلۆجی- زانکۆی سلێمانیی وبەگەرمیی لەلایەن (د.عوسمان قادر ئەحمەد) هونەرمەند وئەکادیمیست وبەڕێوەبەری مەڵبەند ولێپرسراوان وستافی چەند بەشێکی مەڵبەندەوە پێشوازییکرا.

دواتر لە دیدارێکی دۆستانەدا ، کە لە ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزیی لە نەخۆشی کۆرۆنادا بەڕێوەچوو، سەرەتا بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی بەڕێز ئۆلیڤیێی بەخێرهێنا وخۆشحاڵیی وسوپاس وپێزانینی دەربڕی بۆ پەرۆشییان وەك کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا ، کە وڵاتێکی مەزن ودۆست وپشتیوانی گەلی کوردستانە، بۆ سەردان و لە نزیکەوە بینینی ستاف وئاشنابوون بە مێژووی دامەزراندن و کار و چالاکییەکانی مە ڵبەندی کوردۆلۆجی.

لەو ڕووەوە (د.عوسمان قادر) پێزانینی دەربڕی کە کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا پاش نزیکەی ساڵێك لە ئامادەبوونی لە (پڕۆژەی هێڵکاریی : دۆکیومێنتی تاریکیی) کە ڕۆژی 2019/12/18 لە (گەلەری ئێستا ) لە سلێمانی کرایەوە، پەرۆشیی بۆ دیدار وبەسەرکردنەوەی لە شوێنی کاری ڕەسمیی لە مەڵبەندی کوردۆلۆجی نیشاندا تا وەکو دەرفەتێك بێت بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی لە نێوان کونسوڵخانەی فەڕەنسا و ئەم سەنتەری توێژینەوەیەی زانکۆی سلێمانییدا.

لەو بارەیەوە بەڕێز (ئۆلیڤیێ دێکۆتینی) خۆشحاڵیی دەربڕی بەو دیدارە لەگەڵ بەڕێوەبەر وستافی ئەکادیمیی مەڵبەندی کوردۆلۆجی. باسیشی لە گرنگیی و بایەخی ڕۆڵ و جێدەست و کارە هونەرییەکانی (د.عوسمان) کرد کە بریتیین لەچەندین هێڵکاریی پڕبایەخ و بەهای نەتەوەیی لە سەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لە بواری گێڕانەوە ودۆکیومێنتکردنی جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان لەشاڵاوەکانی ئەنفالی ساڵی 1988دا.

کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە لەماوەی ئەم ساڵدا سەردانی هەر دوو شاری چەمچەماڵ و کەلار و پارێزگای هەڵەبجەی کردووە و لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە کۆبووەتەوە و بە دیداری ژمارەیەك لە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی گەیشتووە وسەردانی مۆنیومێنتەکانی هەڵەبجە و ئەنفالی کردووە. دووپاتیشی کردەوە کە پاش گەڕانەوەی بۆ پاریسی پایتەختی وڵاتەکەی و دیداری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا گفتوگۆ دەکات لەبارەی باشترین ئەو ڕێگا ومیکانیزمانەی بۆ هاوکاری کردنی نەخۆشخانەکانی هەڵەبجە وباشکردنی باری تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی پێویستن لەگەڵ دەرفەتەکانی نیشاندانی بەرهەمەکانی هونەرمەندی کورد عوسمان ئەحمەد لە گەلەریی و ئینستیتیوتەکانی فەڕەنسادا لە بارەی تاوانەکانی جینۆسایدکردن لە لایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە  وگێڕانەوەی ئەو مەرگەساتە  لە ڕێی هێڵکارییەکانییەوە.

ئەو دیپلۆماتە باڵایەی فەڕەنسا بە خۆشحاڵییەوە بەڕێوەبەر وستافی کوردۆلۆجی بانگهێشتکرد بۆ 30 هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین بە بڕیاری 688 ی ئەنجومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتیی لە ساڵی ١٩٩١ دا کە بڕیارە ساڵی داهاتوو لە کونسوڵخانەی فەڕەنسا لە هەولێر سازبکرێت .داواشی کرد ستافی کوردۆلۆجی پێشنیاز و سەرنجیان بۆ بنێرن لەبارەی هەرچی باشتر و مەزنتر یادکردنەوەی ئەو بۆنە گرنگە کە وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە پەیوەندییەکانی هەردوو گەلی کوردستان و گەلی فەڕەنسا لە سەردەمی سەرۆکایەتیی سەرۆکی  زیندەیاد فرانسوا میتران وخانمی یەکەمی فەڕەنسا خاتوو دانیاڵ میتران کە لە کوردستان نازناوی دایکی کوردی پێدرا.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، (د.یاسین ڕەشید) لێپرسراوی بەشی پەیوەندیی وڕاگەیاندن کورتەیەکی لەبارەی مێژووی دامەزراندن وکار وچالاکییەکانی مەڵبەندی کوردۆلۆجی پێشکەش بە کونسوڵی میوان کرد کە لە دانیشتنەکەدا بەهەرسێ زمانی کوردیی وفەڕەنسیی وئینگلیزیی گفتوگۆکانی لەگەڵ ستافی کوردۆلۆجییدا ئەنجامدا و پەرۆشیی بۆ زیاتر ئاڵوگۆڕیی کلتوریی و ڕووناکبیریی وزانستیی لە نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان ومەڵبەندی کوردۆلۆجی و دامەزراوە هاوتاکانی فەڕەنسا دەربڕی.

هەر لەو دیدارەدا باس لە چەند بابەت وپرسێکی تری گرنگ کرا کە جێی بایەخی هەردوولا بوون بەتایبەت هەوڵە بەردەوامەکانی فەڕەنسا لە سەر ئاستی ئەوروپا و جیهان بۆ پشتیوانیی کردنی گەلی کورد لە وڵاتانی تورکیا وسوریا وعێراقدا لە ڕێی گوشارخستنە سەر تورکیا بۆ ڕاگرتنی سیاسەت و ڕەفتارەکانی کە کاریگەریی خراپیان هەیە لە سەر ڕۆڵ و پێگەی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا و زیانی گەورەیان لە وڵاتانی دراوسێی داوە و گەلی کوردیش لەو وڵاتانەدا زەرەرمەندی یەکەمن لەو سیاسەتانە. 

دوابەدوای ئەو دیدارەش ، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە نێو ڕاڕەوەکانی مەڵبەندی کوردۆلۆجییدا گوزەرێکی بەنێو ژمارەیەك لە هێڵکاریی و تابلۆ و کارە هونەرییەکانی (د.عوسمان قادر) دا کرد و بەگەرمیی لەلایەن بەڕێوەبەر و ستافیی مەڵبەندەوە بەڕێکران.