ڕاسپاردەکانی کۆنفرانس ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی (ئەنفال و کۆمەڵکوژیی بەرامبەر بە کورد: بەنێودەوڵەتییکردن، داپێدانان، قەرەبووکردنەوە)، کە مەڵبەندی کوردۆلۆجی زانکۆی سلێمانی ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٢٩ نیسانی ٢٠١٧ لە هۆڵی ڕاپەڕینی زانکۆی سلێمانی سازیکردووە. ١- هەوڵدان بۆ دەرکردنی کەیسی ئەنفال و هاوجۆرەکانی لە چوارچێوەی ناوچەیی و گەیاندنیان و بەرزکردنەوەیان بۆ ئاستی نێودەوڵەتیی و ناساندنیان بە نێوەندە جیهانییەکان. ٢- ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی تاوانی جینۆساید دژ بە کورد لە داهاتوودا. ٣- نەهێشتنی ئەو بەربەستە یاساییانەی ڕێگە لە بەرەوپێشچوونی کەیسەکان دەگرن، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە یاسای عێراقییەوە هەیە. ٤ – ناساندنی ئەو ستەمەی لە چوارچێوەی جینۆسایددا، لە مێژوو و ئێستادا، دەرهەق بە ئافرەتی کورد بەگشتی، قوربانیانی ئەنفال و ژنانی بارزانی و ئێزیدییش، کە لە ئێستادا بەتایبەتی کەوتوونەتە بەر لێشاوی ڕق و کینەی داعیش. هەروەها ڕوونکردنەوەی ئەو دۆزانە بۆ بزووتنەوەکانی ئافرەتان لە جیهاندا(فێمنیزم). ٥- کارکردن بۆ پەیڕەوکردنی چەمکی دانپێدانان و بەرپرسیارێتیی، کە ڕۆڵی دیاریان لە دووبارەنەبوونەوەی ئەم کارەساتە جەرگبڕانەدا دەبێت. ٦- هەوڵدانی ڕاستەقینە بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیان لە ڕووی مادی و مەعنەوییەوە، و سزادانی ئەو تاوانبارانەی، کە دەستیان لەم تاوانەدا هەبووە و لەلایەن دادگای باڵای داواکراون و تا ئێستا نەچوونەتە بەردەم دادگاوە. ٧- دروستکردنی مۆزەخانە و مۆنۆمێنتی تایبەت بە جینۆساید و توندوتیژیی بەشێوەیەکی زانستیی و ئەکادیمیی، نەک هەڕەمەکیی و میزاجیی. ٨- کارکردن بۆ گوشارکردن بۆسەر حکومەتی عێراق بۆ واژوکردنی رێکەوتننامەی رۆما, تا بتوانرێت لە رێگەیەوە کار دانپێدانان بە کەیسی ئەنفال و ئەو تاوانە کۆمەڵکوژییانەی بەرامبەر بە گەلی کورد کراون، وەک تاوانێکی جینۆساید و دژ بە مرۆڤایەتیی بناسرێن. ٩- لە ئەگەری بەدەمەوەنەهاتنی حکومەتی عێراق لەبارەی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی ئەنفال و جینۆساید، دەبێت پەرلەمانی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە دروستکردنی دادگا تایبەت و هەروەها لە ئەستۆگرتنی قەرەبووکردنەوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بەو پێیەی میراتگری قانوونی و ئەخلاقی حکومەتەکانی پێشووی عێراق، هەر بۆیە پێویست دەکات، لە پاڵ هۆکاری تردا، دەستوبرد لە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکرێت. ١٠- تەئکیدکردنەوە لەسەر راسپاردەکانی کۆنفرانسی یەکەمی مەڵبەندی کوردۆلۆجی. - ئەنفال و جینۆساید بخرێتە ناو بەرنامەی پەروەردە و خوێندنی زانکۆوە؛ - دانانی بەرنامەی چڕ بۆ خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) سەبارەت بە جینۆساید و ئەنفال؛ - کردنەوەی سەنتەری توێژینەوەی جینۆساید لە زانکۆکانی کوردستان و پێدانی دەسەڵاتی کارگێڕیی و دارایی بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیی بەهادار و رێکخستنی کۆنفرانس و سیمیناری زانستیی بەردەوام. هەر لێرەوە پێویست دەکات، بە مەبەستی هاندانی توێژەری زانستیی بۆ کارکردن لەو جۆرە سەنتەرانەدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا گۆڕانکاریی لە پلەی وەزیفی مامۆستای زانکۆ و توێژەری زانستیدا بکرێت. ١١- بایەخدان بە پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوی جیهانیی توێژەرانی جینۆساید (AGS) و هەوڵدان بۆ بەستنی یەکێک لە کۆنفرانسە ساڵانەکانیان لە هەرێمی کوردستان، بەو پێیەی ئەو رێکخراوە رۆڵێکی زۆر کاریگەری لەسەر ئاشکراکردنی تاوانی جینۆساید بەرامبەر گەلان لەسەر ئاستی جیهان و پشتیوانی گەلانی قڕکراو. ١٢- حکومەتی عێراق پەیماننامەی قەداغەکردنی جینۆسایدی مۆرکردووە و ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها دادگای باڵای تاوانەکانی و سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی عێراق دانیان بە تاوانی جینۆساید بەرامبەر بە گەلی کورد ناوە، لەبەر ئەوە حکومەتی عێراق بەرپرسیارە لە قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و گێڕانەوەی ماف بۆ مافخوراوان. لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا پەیوەندیدارەکان پێویستە بەدواداچوون بۆ ئەم مەبەستە بکەن. ١٣- جینۆساید بکرێتە زەمینەیەکی قانوونی، مرۆیی و سیاسی بۆ دروستکردنی بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان، چونکە گەلی کورد لەژێر هەڕەشەی قڕکردندایە. ١٤- دروستکردنی لیژنەی باڵای دەرخستنی راستییەکان، وەک ئەوەی لە ئەفریقای باشور بەمەبەستی ئاشتەوایی نیشتمانیی لە نێوان قوربانیانی ئاپارتیدا و تاونکاراندا. ٢٩ی نیسانی ٢٠١٧
|