کۆڕێکی شیعریی لەگەلەریی کەریم چاوشین

رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٢٠١٩/٤/١١ ، لە گەلەریی کەریم چاوشین  لەناو ھێڵکارییەکانی د.عوسمان قادر ئەحمەد  لێپرسراوی بەشی هونەری مەڵبەندی كوردۆلۆجی و سەرپەرشتیاری گەلەرییەكە کۆڕێکی شیعریی بۆ خاتوو تراسی مای بەڕێوەچوو کە مامۆستای زانکۆیە و نەوەی سەركردەی كۆچكردوو دکتۆر کەمال فوئادە. لەو كۆڕەدا خاتوو تراسی شیعرەکانی بە ئینگلیزیی خوێندەوە و دواتر داوای لە خاتوو كەژاڵ ئەحمەدی شاعیر كرد  شیعری        ( جیابوونەوە لە زەوی ) بخوێنێتەوە.
خاتوو تراسی مایش بە ئینگلیزیی شیعرەکەی خوێندەوە کە یەکێکە لەو شیعرانەی خاتوو ماری لابروس بەھاوکاریی دەریا نەجم و میوان نەھرۆ وەریان گێڕاوە بۆ ئینگلیزیی و لە دووتوێی کتێبێک دا بەھاوکاری باربارا گۆڵدبێرگ لە ئەمریکا چاپ بووە و داھاتی کتێبەکە بۆ ژنانی ئێزدی قوربانیی دەستی داعش بووە.
ھەر لەو چالاکییەکەدا ماری لابروس چەند نمونەیەک لەو شیعرانەی خوێندەوە کە لەکتێبێک دا بۆ  مامۆستا عەبدوڵڵا پەشێوی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزیی و شیعرێکی شێخ رەزای تاڵەبانیی بەکوردیی و ئینگلیزیی خوێندەوە بەو پێیەی تێزی دکتۆراکەی سەبارەت بە شیعری شێخ رەزایە. 
دواتر هەر سێ خانمی بەشدار
تراسی مای و ماری لابروس و كەژاڵ ئەحمەد سوپاسی د.عوسمانیان كرد  کە لە ناو کارە ھونەرییەکانیدا میوانداریی لەوان و لە خوێندکارانی زانکۆی ئەمریکی کردبوو.
شایانی باسە خاتوو شێنێ محەمەد چالاکییەکەی بە کوردیی و ئینگلیزیی سەرکەوتووانە بەڕێوەبرد. وێڕای خوێندکاران چەند ناوێکی دیاری بوارەکانی ئەدەب و ھونەر ئامادەی چالاکییەکە بوون و گفتو گۆ و  رایان گۆڕییەوە دیارترینیان نووسەر و شارەزا لە مەڵبەندی كوردۆلۆجی بەڕێز عەبدوڵڵا تاھیر بەرزنجی بوو.ھەر لەوێ  ھونەرمەند مەریوان جەلال وژمارەیەکی دیار لە عاشقانی شیعر و ھونەر  ئامادەبوون.
دەربارەی ئەو ئێوارە هونەریی و شیعرییە د. عوسمان. وتی
زۆر خۆم به خۆشحاڵ دەزانم کە ‌هێڵکاریەکانم کە گوزارشت لە یادەوەریی جەنگ و جێهشتنی ماڵ و ئاوەرەیی و خۆشەویستیی خاک دەكەن بوون بە سەرچاوەی ئیلهامی خانمە پرۆفیسۆری کوردی ئەمەریکی تراسی مەی فوئاد لە (ئیوارە کۆرێکی پڕ شیعری بەهەست و پڕ سۆز) کە خۆی بە شێوەیەکی تازە و دا‌هێنەرانە و تایبەت پێشكەشی کرد.