ڕێکخستنی کۆڕی "زمانی تێکستە ئەدەبییەکانی کورد" لە هۆڵی داود بەگی جاف لە مەڵبەندی کوردۆلۆجی

 

      رۆژی ٥ شەممە 23/ئایار/2019 مەڵبەندی کوردۆلۆجی کۆڕێکی  بۆ بەڕێز (ئەیوب کوێخا ڕۆستەم) لێپرسراوی مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هەورامان و سەرنووسەری گۆڤاری هەورامان، بە ناونیشانی "زمانی تێکستە   ئەدەبییەکانی کورد" لە هۆڵی داود بەگی جافی مەڵبەندی کوردۆلۆجی زانکۆی سلێمانی ڕێکخست.

لەو کۆڕەدا، بەڕێز ئەیوب ڕۆستەم ئامادەبووانی ئاشناکرد بە سەربوردێکی مێژوویی دوور و درێژی ئەدەبیاتی دێرینی کورد کە بە دیالێکتی گۆران نووسراون و بەسەر دووبەشدا دابەشی کردن،ئەو بەشە لە بەرهەمە ئەدەبییەکان کە پەیوەستن بە یارسان و پیرانی شوێنکەوتووی بیروباوەڕی زەردەشتیی و ئەو بەشەی کە دەکەونە دەرەوەی یارسان لە قۆناغە جیاوازەکانی ئەو ئەدەبیاتەدا کە بە گۆران نووسراون.

لەو ڕوەوە، کاك ئەیوب وەك توێژەر و لێکۆڵیارێکی پەرۆش و وردەکار بۆ دۆزینەوە و پاراستن و بڵاوکردنەوەی ئەو میراتە ئەدەبییە بەنرخە، ناوی دەیان کەسایەتیی دانا و زانای ئایینیی و ئەدەبیی هێنا لەگەڵ ئەو کتێب و دەستنووسانەی بەناوی "دەور"ەوە لە سەردەمیی ئەدەبیاتی یارسانەوە تا ئێستا ماونەتەوە و خودی خۆی ماوەی 25 ساڵ دەبێت کار بۆ پێگەیشتن و تێگەیشتنیان دەکات. هەروەها ئاماژەیکرد بۆ زۆرێك لەو بەرهەمانەی تر کە لەدەرەوەی یارسانن بە ناوی شاعیران یان نووسەرەکانیانەوە و ئەو بابەتانەی لەو کتێب و دەستنووسانەدا باسکراون. بۆ ئەو مەبەستەش ، لیكۆڵیار لە کۆڕەکەیدا دەیان بەیتی لەو بەرهەمانەی بەشێوەی گۆران پێشکەش کرد کە کورد وتەنی لەبەری کردوون و لە یادیدا پارێزراون.

ئەو شارەزایەی ئەدەبیاتی گۆران لە درێژەی بابەتەکەیدا جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی دیالێکتی گۆران لە ناوەڕاستی سەدەی دووەمی کۆچییەوە لە ناوچەکانی خۆرهەڵات و بەشی زۆری باشوری کوردستان هێز و کاریگەریی خۆی سەپاندووە و شاعیران و نووسەرانی کورد ئەم دیالێکتەیان بەشێوەیەکی بەربڵاو لە تێکستەکاندا بەکارهێناوە هەتا دەرکەوتنی سێکوچکەی شاعیرانی بابان ، نالی و سالم و کوردی کە ئەدەبیاتی کرمانجی خواروو پەرەی سەند.هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ناکۆکییەك هەیە لەمەڕ پێناسەکردنی گۆران وەك شێوەزاری زمانی کوردی چونکە هەندێك سەرچاوە بە کوردی دانانێن.

دوای پێشکەشکردنی بابەتی کۆڕەکە، کە بەڕێز ئەیوب کوێخا ڕۆستەم زۆربە چڕوپڕی خستیەڕوو، بە پرسیار و سەرنج و بەشداریی بەشێك لە ئامادەبووان کۆڕەکە دەوڵەمەندتر کرا و جێی ستاییش و دەستخۆشیی هەمووان بوو.

بەبڕوای زۆر لە ئامادەبووان، کۆڕەکەی کاك ئەیوب ڕۆستەم دەکرێت دەروازەیەکی گرنگ بێت بۆ کارێکی ڕێکخراوتر لەسەر ئاستی ناوەندەکانی زانکۆ بۆ هەرچی زیاتر و باشتر کۆکردنەوە و چاپکردن و بڵاوکردنەوە و توێژینەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بەرهەمانەی ئاماژەیان بۆ کرا لە سەروویانەوە ئەو ئاڤێستا دەست لێ نەدراوەی لە مۆزەخانەی نیشتمانیی لە کۆپنهاگنی پایتەختی دانمارك پارێزراوە و بە وێنەی سەر سی دی کۆمپیوتەریی ڕەوانەی بەڕێز ئەیوب ڕۆستەم کراوە.

لەم بارەیەوە بەڕێز عەبدوڵا تاهیر بەرزنجیی نووسەر و ئەدیب و ڕەخنەگری بەئەزموونی کورد وتی " بابەتی کۆڕەکە زۆر بە پێز و پڕ زانیاریی و پەرۆشیی و دڵسۆزیی بوو کە دەچێتە خانەی بایەخدان بە مێژووی ئەدەبەوە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە دیالێکتی گۆران زمانی نووسین بووە لەسەردەمێکی دوور و درێژدا". بەرزنجیی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە دەکرێت لە کۆڕی هاوشێوەدا هۆکارەکانی کەم بوونەوەی بەکارهێنانی دیالێکتی گۆران لە قۆناغەکانی دواتردا بخرێنەڕوو.

شایانی باسە لەم کۆڕەدا یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی و بەڕێوەبەر و ستافی ئەکادیمیی مەڵبەندی کوردۆلۆجیی و ژمارەیەك لە مامۆستایانی خاوەن بڕوانامە و نازناوی زانستیی بەرزی زانکۆ و نوسەران و ئەدەب دۆستان ئامادەبوون.