خوێندکارانی قۆناغی یەکەمی کۆلێجێکی زانکۆی سلێمانی سەردانی مەڵبەندی کوردۆلۆجی دەکەن              

ڕۆژی پێنج شەممە 2019/11/28، خوێندکارانی قۆناغی یەکەم لە کۆلێجی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی لەگەڵ مامۆستای وانەی کوردۆلۆجی سەردانی مەڵبەندی کوردۆلۆجیان کرد.

مەبەست لەو سەردانە ئاشنابوونی خوێندکاران بوو بە مێژووی دامەزراندنی مەڵبەند و بەش و یەکە زانستیی و کارگێڕییەکان و ڕۆڵ و ئەرکی لێپرسراوان و فەرمانبەرانی هەر یەکێکیان  لە ڕایی کردنی ئەو ڕۆڵ وئەرکانەدا لە بوارەکانی توێژینەوە و ڕۆشنبیریی و وەرگێڕان و هەڵسەنگاندنی بەرهەمە زانستیی و ئەدەبیی و هونەرییەکانی ناوەوە ودەرەوەی مەڵبەند و ڕێکخستن و بەڕێوەبردن و ئەنجامدانی کۆنفرانسی زانستیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لە هۆڵەکانی مەڵبەند و هۆڵەکانی کۆلێجەکانی زانکۆی سلێمانیی بەتایبەت هەر دوو کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان و پەروەردەی بنەڕەتیی. هەروەها بەشدارییکردنی ستافی مەڵبەند لە وەرگێڕانی وتە و توێژینەوە و بابەتە پێشکەشکراوەکان لە زمانەکانی عەرەبیی و ئینگلیزییەوە بۆ کوردیی و بە پێچەوانەشەوە.

بۆ ئەو مەبەستەش، (د.یاسین ڕەشید) لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی مەڵبەند پاش بەگەرمیی پێشوازیی کردن و بەخێرهێنانی خوێندکاران و مامۆستا (سارا سدقی ) کە خوێندکاری دکتۆرایە لە بەشی کوردی کۆلێجی زمان و مامۆستای وانەی کوردۆلۆجییە لە کۆلێجی کشتوکاڵ، لەگەڵ میوانانی مەڵبەند یەکە و بەشەکانی مەڵبەندییان بەسەرکردەوە و لە زاری لێپرسراوان و ستافی ئەکادیمیی بەشەکان و فەرمانبەرانی یەکەکانی مەڵبەندەوە زانیاریی پێویستیان وەرگرت لەسەر بایەخی مەڵبەندی کوردۆلۆجی  و تایبەتمەندییەکانی هەر بەش و یەکەیەکی زانستیی و ئیداریی لەو بوارانەدا کە پێشتر ئاماژەیان بۆ کرا.

لە بەرانبەردا، خوێندکاران خۆشحاڵییان دەربڕی بە سەردان و گفتوگۆکردنیان لەگەڵ مامۆستایان و ستافی مەڵبەند و وەرگرتنی زانیاریی پێویست لە بارەی مەڵبەندی کوردۆلۆجییەوە بەتایبەت کە مەڵبەند خاوەنی کتێبخانەیەکی دەوڵەمەندی پڕ سەرچاوەی بەپێزە لە بوارە جیاوازەکاندا و بە خۆشحاڵییەوە دەخرێنە خزمەت خوێندکاران و توێژەران لە قۆناغەکانی خوێندنی زانکۆیی وئەنجامدانی توێژینەوە لە پاش تەواوکردنی زانکۆ.