هونەرمەندانی سیمپۆزیۆمێکی هونەریی سەردانی مەڵبەندی کوردۆلۆجیان کرد

      
ڕۆژی چوار شەممە 19/10/2022، (د.عوسمان قادر ئەحمەد) بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی- زانکۆی سلێمانی پێشوازیکرد
لە هونەرمەندانی کورد و بیانیی بەشداربووی سیمپۆزیۆمی 2022 کە لە بەریتانیا وسوید وئەڵمانیا و قەتەر وسوڵتاننشینی عوممانەوە هاتوون بۆ شاری سلێمانی و سەردانی مەڵبەندی کوردۆلۆجیان کرد.
مەبەست لە سەردانی ئەو هونەرمەندانە ، ئاشنابوون بوو بە کارەکانی (د.عوسمان قادر) وەك هونەرمەندێکی ئەکادیمیست وپسپۆڕ لە بواری گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی جەنگ و جینۆساید لە ڕێی هێڵکارییەوە بەگشتیی و بە دۆکیومێنتکردنی شاڵاوەکانی جینۆسایدی خەڵکی کوردستان (ئەنفال) لە ساڵی 1988 دا بەتایبەتیی.
لەو بارەیەوە (د.عوسمان) لە وتەیەکدا لە کاتی گوزەرکردنی میوانەکاندا بۆ بینینی کارە هونەرییەکانی لە مەڵبەندی کوردۆلۆجی،
گرنگترین تێماکان و شێوازە بەکارهێنراوەکانی لە کارە هونەرییەکانی خۆیدا ڕوونکردەوە و جێی تێڕامان بوو بۆ ئەو
هونەرمەندانەی هاتبوون بەو پێیەی زۆرێك لە میوانان هەر وەك خۆیان ڕایانگەیاند پێشتر ئاگاداریی بوونی ئەو کارانە نەبوون و
هەرگیز بەو شێوەیەش بەئاگا نەکراون لەو تاوانی جینۆسایدەی بەرانبەر گەلی کورد ئەنجام دراوە.