هێڵکارییەکانی (د.عوسمان قادر ئەحمەد) لە ڤیەننا نمایشدەکرێن و دەبنە بابەتی توێژینەوەی خانمە ئەکادیمیستێکی تورك لە مەدرید

 

 رۆژانی 28-30 حوزەیرانی 2019 لە بەیناڵەی ساڵانەی دەڤەری  بۆدنیس لە هەنتەرلاند گەلەری لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا، بەشێك لە هێڵکارییەکانی (د.عوسمان قادر ئەحمەد)  لێپرسراوی بەشی هونەری مەڵبەندی كوردۆلۆجی - زانکۆی سلێمانی لەسەر مێژووی زارەكیی جینۆسایدی كورد نماییش کران کە چیرۆكە نەبیستراو و نەبینراوەكانی  دەیان هەزار كوردی ئەنفالكراو لە ساڵی 1988 دا بەرجەستەدەكەن لە بیابانەکانی عەرعەر و نوگرەسەلمان لە خوارووی عێراق.

لەو بارەیەوە (د.عوسمان قادر) ڕایگەیاند کە لەلایەن ئەو گەلەریەوە بانگهێشتکراوە بۆ بەشدارییکردن لەو رووداوە هونەرییە گرنگەدا کە ساڵانە ئەنجامدەدرێت بەڵام نەیتوانیوە ئامادە بێت وهێڵکارییەکانی لەگەڵ بەرهەمە هونەرییەکانی چەند هونەرمەندێکی جیهانیی بە ئەزموون لەو پێشانگەیەدا دانراون.

پیشاندانی ئەو هێڵکارییانەی هونەرمەند بایەخێکی هونەریی و مێژوویی هەیە لەو سۆنگەیەوە کە هونەرمەندان و ئه‌کادیمستان وڕەخنەگرانی هونەریی سەردانی پێشانگاکە دەکەن و لە ڕووی شارەزایی و ئەزموونی خۆیانەوە لەسەر کوێرەوەرییەکانی جەنگ و کاریگەرییەکانی لەسەر مرۆڤ دید و ڕوانینه‌كانیان دەخەنەڕوو.

شایانی باسە ئەمە یەکەم جار نییە کە هێڵکارییەکانی لێپرسراوی بەشی هونەری مەڵبەندی كوردۆلۆجی لە هەنتەرلاند گەلەری نماییش دەکرێت. پێشتر لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2017 دا له‌ هەمان گەلەری پێشانگایه‌كی هونه‌ریی به‌ ناونیشانی "پڕۆژەی تایبەت بە یادەوەرییەکانم لە کۆمەڵکوژیی کورد (ئەنفال)" دا بۆ ئەو ئەکادیمست و هونەرمەندە ناسراوەی کورد كرایه‌وه‌.

پیشاندانی هێڵکارییەکانی ئەو شێوەکارە ناسراوەی کوردستان لە بەیناڵەکەی ئەم ساڵدا بەرجەستەکردنی گرنگیپێدانی ئەو گەلەریە بەناوبانگەی نەمسایە بە ڕۆڵی هونەر لە هێشتنەوە و دروستکردنی یادەوەریی لەسەر نەهامه‌تيیەکانی جەنگ و ئاوارەیی لە جیهاندا بەگشتیی و لەناوچەی بەڵکان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەتیی کە عێراق و هەرێمی کوردستان لە خۆدەگرێت. هەروەها ئاماژەیەکیشە بۆ هەڵسەنگاندن و بەهەندوەرگرتنی بەردەوامی لێپرسراوانی گەلەرییەکە بۆ ئەزموون و هەوڵەکانی (د.عوسمان قادر)ی پێشمەرگەی هونەرمەند وشێوەکار لە پێناوی بەئاگاهێنانی نێوەندە ئه‌کادیمیی وڕۆشنبیرییەکانی ئەوروپا و جیهان لەسەر شاڵاوی جێنوسایدی کورد لە ئەنفالدا.

جێی بیرهێنانەوەیە کە ساڵی 2017 (د.عوسمان قادر) لە هەوڵێکی داهێنەرانە و کارێکی تازەدا بۆ وەبیرهێنانەوەی یادەوەرییە پڕنەهامەتییەکانی گەلی کورد لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا، چوار تابلۆی گەورەی 10 م بە 1.5م و چەند تابلۆیەکی ئەندازە جیاوازی تری بە ماوەی ٣ رۆژ لە  هەنتەرلاند گەلەریی پێش کردنەوەی پێشانگاکە ئەنجامدا.

 

لە لایەکی تر وهەر لە مانگی حوزەیرانی 2019 و لە ڕۆژانی 25 تا 28 ی مانگدا، خانمە ئەکادیمیستێکی تورك بە ناوی (د.ئيزگی باکچای) لە زانکۆی هونەرە جوانەکانی میعمار سینانی ئەستەنبوڵ، لە سێیەم کۆنـفرانـسی ساڵانەی کۆمەڵەی دیراساتی یادەوەریی لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا باسێکی بە نـاونیــشانـی "بەرهەمهێنانی یادەوەریی وەك کردەیەکی جوانیی ناسیانە و سیاسیی: یادەوەرییە یاخییگەراکان-The Production of Memories as Aesthetical-Political Action: Insurrectional Memories لەسەر دۆکیومێنتکردنی  یادوەرییەکانی ئەنفال بە هێڵکاریی پێشکەش کرد هەر وەك لە بەستەری پرۆگرامە بەراییەکاندا و لە پانێڵی 70 هەمدا دەکەوێتە بەر چاو.

https://www.memorystudiesassociation.org/wpcontent/uploads/2019/05/MSA2019_PreliminaryProgram__fullschedule.pdf

لەو پانێڵەدا بە ناونیشانی " A short history of collective memory  in Turkey - مێژوویەکی کورتی یادەوەریی دەستەجەمعیی لە تورکیادا " ئەو خانمە تورکە  ئەو بابەتەی پێشکەشکرد پاش ئەوەی رۆژی 22 /06/ 2019 لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا لەڕێی سکایپەوە چاوپیکەوتنی لەگەڵ (د.عوسمان قادر) کرد لەسەر هێڵکارییەکانی وەك بەشێك لە بابەتی نوسینەکەی بۆ ئەو کۆنفراسە ساڵانەیە کە لە  زانکۆی کۆمبلۆتنسی مەدرید لە ئیسپانیا بەڕێوەچوو.

لەو بارەیەوە (د.عوسمان قادر) ڕایگەیەند (د.ئێزگی)، کە د کتۆرای لەسۆسیۆلۆجیی وهونەردا هەیە، گرنگییەکیی زۆر دەدات بە هێڵکاریەکانی و لەڕووی تەکنیکی هونەریی وسۆسیۆلۆجییەوە خوێندنەوەی بۆ کردوون بۆ خستنەڕووی وردەکارییەکانی  گواستنەوەی ئازاری تاکە کەسیی و نەتەوەیی بۆ هێڵکاریی و هەڵسەنگاندنی ئەوەی تا چ ئاستێك دەتوانن بە راستگۆیی کوێرەوەرییەکان بگێڕنەوە. هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە (د.ئیزگیگرنگییەکی زۆری داوە بە  پرۆژەی دکتۆراکەی لە سەر دۆکمیومێنتکردنی کۆمەڵکوژیی کورد  لە ئەنفالدا چونکە تەنها لەبەر ڕۆشنایی گێڕانەوەی قوربانییەکاندا خۆی دەسەپێنیت وهیچ  گەواهییەکی وێنەیی وڤیدۆیی بوونی نییە تایبەت بە  جینۆسایدی ئەنفال و بەلای ئەو ئەکادیمیستە تورکەوە  گرنگ بووە  شێوەی پراکتیزە کردن  و گواستنەوەی ئەو تاوانە جەرگ بڕانە بخاتە بەر لێکوڵینەوە چونکە  گواستنەوەی  ئازاری نەتەوەیەک یان تاکە کەسێک بۆ هێلکاریی وەك وێنەکێشانێکی ئاسایی نییە و  تێڕامان و ماندوو بوونێکی تایبەتیی دەوێت.

د.عوسمان ئەوەشی ڕاگەیاند کە (دئیزگی) جگە لەوەی ساڵانێكە شارەزای شێوازی کارکردنی ئەوە ، چەند جارێکی تر لە 2015 و 2016 دا لەسەر تابلۆکانی  پێشانگا و  پریزێنتەیشنی کردووە لە شارەکانی ئەستەنبوڵ لە تورکیا و میونخ لە ئەڵمانیا و ڤییەننا لە نەمسا.