دەقی چاوپێکەوتنێكی ئەدەبیی ڕەخنەگر و وەرگێڕێکی دیاری مەڵبەندی کوردۆلۆجی بڵاودەکرێتەوە

ڕۆژی دووشەممە 4/11/2019   لە پاشکۆی ئەدەب و کلتووری رۆژنامەی ڕووداو  لە ژمارە 139 ی هەمان ڕۆژدا، دەقی چاوپێکەوتنێکی ئەدەبیی لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵلا تاهیر بەرزنجیی ڕەخنەگر و وەرگێڕ و شاعیری دیار
و ناسراوی کورد و لێپرسراوی بەشی ڕۆشنبیریی و بڵاوکردنەوە و وەرگێڕانی مەڵبەندی کوردۆلۆجی – زانکۆی سلێمانی بڵاوکرایەوە. 
لەو چاوپێکەوتنەدا لێپرسراوی بەشی ڕۆشنبیریی و بڵاوکردنەوە و وەرگێڕانی مەڵبەندی کوردۆلۆجی لە وەڵامی چەند پرسیارێکی دیارییکراوی ڕۆژنامەکەدا ، بایەخ و گرنگیی خوێندنەوە و نووسینی لە ژیانی خۆیدا
ڕوونکردۆتەوە و دەڵێت " پەیوەندیی من و دنیا خوێندنەوە و نووسینە" و هەر ئەو وتەیەش بووە بە مانشێتێکی سەرەکیی چاوپێکەوتنەکە.
لە بارەی پڕۆژەکانی ئێستا و داهاتووشەوە، ڕەخنەگر و وەرگێڕە بە ئەزموونەکەی مەڵبەندی کوردۆلۆجی ڕایگەیاندووە کە کۆمەڵێك کتێبی ئامادەکراوی هەن و حاڵی حازر کتێبێکیان دەدرێتە چاپ کە لەگەڵ دوو هاوکاری تریدا کردوویانە بە کوردیی بەهۆی بایەخی بابەتەکەوە کە بریتییە لە کۆمەڵێك بەڵگەنامە دەربارەی ویلایەتی موسڵ. هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە ماوەیەکە سەرقاڵی وەرگێڕانە بۆ عەرەبیی و لەم ماوەیەشدا لێکۆڵینەوەیەکی درێژی لەبارەی ئەزموون و داهێنانی دلاوەر قەرەداخییەوە تەواو کردووە.
بە پێی ڕوونکردنەوەکەی ئەدەب و کلتووری ڕووداو مەبەست لەو چاوپێکەوتنە کە لە بیستویەکەمین جاردا لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵلا تاهیر بەرزنجیدا سازکراوە، وەرگرتنی کۆمەڵە پرسیارێکی ماڵپەڕی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیی بووە بۆ ئەوەی هەر جارە و هاوشێوەی گاردیان ئاراستەی نووسەرێك یان ئەدیبێك بکرێت  تاوەکو لەڕێی وەڵامەکانیانەوە خوێنەران بە خواست و خولیاکانی ئەو نووسەر و ئەدیبانە ئاشنا ببن  لەوانە باشترین کتێب یان نووسین کە خوێندبێتیانەوە و خۆشەویسترین کارەکتەرەکان بەلایانەوە و زۆر شتی تر کە دەکرێت ڕوئیایەك بە خوێنەران بدەن بەتایبەت کە تا ئێستا لە ناوەندی ڕووناکبیریی کوردییدا لەو چەشنە پرسیارانە کەم بوون.