بەڕێوەچوونی پانێڵی مەڵبەندی کوردۆلۆجی – زانکۆی سلێمانی  بە ناونیشانی " بەتایبەتكردن و كاریگەریی لەسەر گەشەپێدان و ریفۆرمی ئابوریی" 

ڕۆژی چوارشەممە 19-6-2019، لە هۆڵی كۆماری كوردستان لە كۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانکۆی سلێمانی  پانێڵی مەڵبەندی كوردۆلۆجی- زانكۆی سلێمانی بە ناونیشانی (بەتایبەتكردن و كاریگەریی لەسەر گەشەپێدان و ریفۆرمی ئابوریی)  بۆ بەڕێزان پ.د.محەمەد رەئوف سەعید  لێپرسراوی بەشی توێژینەوەی زانستیی- مەڵبەندی كوردۆلۆجی  و  د.عیزەت سابیر کە لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستاندا سەرۆكی لیژنەی دارایی بوو و 
 د. بەیاد جەمال عەلی ئەكادیمیی و خاوەنكار بەڕێوەچوو. 

 لەو پانێڵەدا بەشداربووان لە سێ تەوەرەی جیاوازدا چەند ڕەهەندێکی فیکریی و مێژوویی و یاسایی و کرداریی و پێداویستییەکانی ئەنجامدانی پرۆسەی بەتایبەتکردنیان باسکرد.

 لەو بوارەدا ئاماژەیانکرد بۆ ئەوەی بەتایبەتکردن بە واتای گۆڕینی خاوەندارێتیی لە كەرتی گشتییەوە بۆ كەرتی تایبەت، پێویستیی بە ژێرخانی ئابووریی وسەرخانی کۆمەڵایەتیی وچوارچێوەی یاسایی ودەرکردن وهەموارکردنەوەی چەندین یاسا ودابینکردنی گرەنتیی هەمەجورە  بۆ ئەنجامدانی و پاراستنی لە شکست و بەلاڕێدا ڕۆیشتن لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجی هەرە گەورەی کە بریتییە لە زۆرکردنی بڕ وباشکردنی جۆر و کەمکردنەوەی تێچوون و دابەزاندنی نرخی ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی بە گوێرەی سروشتیی کار و چالاکیی سێکتەرە جیاوازەکان شایستە و لەبارن بۆ بەتایبەتکردنیان.
باسیان لەوەشکرد کە لەو پرۆسەیەدا پێویستە تایبەتمەندیی وڵات و هەرێمەکان لە ڕووی سیستمی سیاسیی و ئابووریی و قۆناغ و ڕێباز و ئاستەکانی گەشەپێدان و ڕیفۆرمی ئابوورییان و سەرمایەی مرۆیی و توانای لێپرسینەوە ودیاریکردنی چارەنووسی کارمەندانی کەرتی گشتیی پاش بەتایبەتکردن ڕەچاو بکرێن. 

هەروەها بەشداربووانی پانێڵەکە باسیان لەو مەترسیی و كەموكورتییانە كرد کە لە ئەزموونی پەیڕەو کردنی ئەو پرۆسەیەدا لە ڕابردوودا لە سەر ئاستی ناوخۆی عێراق و کوردستان و وڵاتانی تری تازەپێگەێشتوو لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا دەستنیشانکراون و پێویستە بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت بۆ ئەوەی بەتایبەتکردن ئامانجە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی لە چوارچێوەی ڕیفۆرمی ئابووریی و گەشەپێداندا بەدییبهێنێت.

هەر لەو پانێڵەدا کە پارێزگاری سلێمانی وسەرۆكی زانكۆ وژمارەیەك لە مامۆستایان وفەرمانبەرانی زانکۆ و ئەكادیمستان و ئابورییناسان و رۆژنامەنووسان و پەیامنێرانی ژمارەیەك دەزگای میدیایی  ئامادەی بوون، دەرفەتی پرسیارکردن و بەشداریی بۆ ئامادەبووان ڕەخسا بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی بابەتەکە و خستنەڕووی سەرنج و پێشنیازی گونجاو پەیوەست بە بابەتەکە.