بەڕێوەبەری نوێی مەڵبەندی کوردۆلۆجی دەستبەکاربوو

رۆژی یەك شەممە 13/10/2019 (د.پێشەوا عەبدولخالق محەمەد) بە فەرمانی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لە پۆستی بەڕێوەبەری مەڵبەندی كوردۆلۆجی بەخشرا وەك ئامادەکاریی بۆ دەست بەکاربوونی لە ئەرکێکی نوێ لە حکومەتی هەرێمدا. هەر هەمان ڕۆژیش (د.عوسمان قادر ئەحمەد) لێپرسراوی بەشی (هونەر) ی مەڵبەند وەك بەڕێوەبەری نوێ دەستبەکاربوو.
بەو بۆنەیەوە ستافی ئەكادیمیی و لێپرسراوانی بەشەكان و فەرمانبەرانی مەڵبەند ڕێوڕەسمێکیان ڕێکخست بۆ دەربڕینی سوپاس و پێزانینیان بۆ خزمەتی  بەرچاو و دڵسۆزیی و لێبڕاویی و جێدەستی د.پێشەوا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کە لە پۆستی بەڕێوەبەری مەڵبەنددا کاری کردووە.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری پێشووی مەڵبەند لە وتەیەکدا سوپاس و پێزانین و خۆشحاڵیی دەربڕی بۆ ئامادەبوونی یەك بە یەکی هەموو مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەڵبەند و بۆ ڕێکخستنی ئەو ڕێوڕەسمەش کە دەرفەتێکی پێویست بوو تا ڕووبەڕوو سوپاس و پێزانینی خۆی دەرببڕێت بۆ هەموو ئامادەبووان لە بەرانبەر پشتیوانیی بەردەوامیان بۆ سەرخستنی کارەکانی لە بەڕێوەبەرایەتیی مەڵبەنددا. هەروەها بۆ دڵسۆزیی و پابەندبوونیان بە کاری ڕۆژانەیانەوە بۆ پێشخستنی مەڵبەندی کوردۆلۆجی کە بەداخەوە بەهۆی کاریگەرییەکانی چەندین هۆکارەوە هێشتا لە ئاست خواست و چاوەڕوانییەکاندا نییە.
د. پێشەوا سوپاس و پێزانینی دەربڕی بۆ سەرۆکی زانکۆ لە بەرانبەر پەسەندکردنی پێشنیازی دەستنیشانکردنی کەسێك کە هەر لەناو مەڵبەندی کوردۆلۆجیدا خزمەتی کردبێت بۆ ڕایی کردنی ئەرکی بەڕێوەبەری مەڵبەند. هەر بۆیە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە ڕایگەیاند کە لە مەودوا (د.عوسمان قادر) لەو پۆستەدا خزمەت دەکات.دووپاتیشی کردەوە کە مەڵبەند لەسەر بنەمای کاری پێکەوەیی و پشتیوانیی دەستەجەمعیی بەڕێوەدەبرێت و هیوای خواست ئەو گیانی کارکردن و پشتیوانییە لەگەڵ بەڕێوەبەری نوێشدا بەردەوام بێت.
هەر بەو بۆنەیەوە (د.ياسين ڕەشید) لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی مەڵبەند بە ناوی خۆی و ئامادەبووانەوە چەپکە گوڵی وەفاداریی و پیرۆزبایی لێکردنی ئەرکی داهاتووی پێشکەش بە بەڕێوەبەری پێشوو کرد.
پاشان بەڕێوەبەری نوێی مەڵبەندی کوردۆلۆجی لە وتەیەکی کورتدا سوپاس و پێزانینی دەربڕی بۆ د.پێشەوا کە لەماوەی بەڕێوەبردنیدا شێوازێکی سەرکەوتووی کارگێڕیی پەیڕەو کرد و پێشینە و ئەزموونێکی دەوڵەمەندی جێهێشت کە خودی خۆی سوودی زۆری لێبینیوە و هەوڵ و هەنگاوەکانی داهاتووش بۆ زیاتر پتەو کردن و چەسپاندنی ئەو شێوازە لە کارگێڕیی و خزمەتکردن لە مەڵبەنددا دەبن.
دواتر لە نەریتێکی شايستەی ئاڵوگۆڕی پۆست و لێپرسراوێتییدا ، بەڕێوەبەری پێشوو یاوەریی بەڕێوەبەری نوێی کرد بۆ ئۆفیسی بەڕێوەبەر و دەستبەکاربوون لە کارە نوێکەیدا.