بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی بڕوانامەی بەشدارییکردنی پێشکەشکرد بە بەشداربووانی پڕۆژەی " بەیەکگەیشتنی کلتورەکان


ڕۆژی سێ شەممە 15/11/2022 ، (د.عوسمان قادر ئەحمەد) بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی پێشوازیکرد لە بەشداربووانی پڕۆژەی " بەیەکگەیشتنی کلتورەکان" کە پڕۆژەیەکی هاوبەشی مەڵبەندی کوردۆلۆجی ودامەزراوەی هنتەرلاندی ڤیەننای  پایتەختی نەمسابوو و لە ڕۆژانی 1 تا 13 ی تشرینی یەکەمی 2022 لە کارگەی کلتور لە سلێمانی ئەنجامدرا.لەو دیدارەدا بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی خۆشحاڵیی دەربڕی بە سەردانی بەشداربووانی پڕۆژەکە کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەك لە مامۆستایان وخوێندکاران ودەرچووانی بەشەکانی کۆلێجی هونەری زانکۆی سلێمانی وستافی مەڵبەندی کوردۆلۆجی وهونەرمەندان وهونەردۆستان وبەهرەمەندانی تر لە دەرەوەی زانکۆ و لە بوارەکانی وێنەکێشان وپەیکەرسازیی وفۆتۆگرافیی ودۆکیومێنتەرییدا بەشدارییەکی کارا وسەرکەتوویان کرد لە پڕۆژەکەدا.دیدارەکە دەرفەتێك بوو بۆ باسکردنی کاریگەریی ئەو پڕۆژە هونەریی وئەکادیمییە لە بەیەکگەیاندنی بەشداربووانی شاری سلێمانی و هەریەك لە پرۆفیسۆر (پەرستۆ فرۆهەر) و (د.گۆدرون واڵنبۆك) و (م.وریا ئاریا) کە لە ئەڵمانیا و نەمساوە بۆ پێشکەشکردنی سیمینار و بەڕێوەبردنی ژوورکار (وۆرك شۆپ)ەکانی پڕۆژەکە سەردانی سلێمانی وکارگەی کلتوریان کرد.لەو بارەیەوە (م.دارۆ ڕەسول) مامۆستا لە کۆلێجی هونەر و ڕێکخەری گەلەری ئێستا لە کارگەی کلتور بەناوی خۆی وبەشداربووانی تری پڕۆژەکەوە ستایشی ڕۆڵ وجێدەستی ڕێکخەران و وانە بێژانی پڕۆژەی بەیەکگەیشتنی کلتورەکانی کرد کە دەرفەتێکی گرنگ و پێویست بوو بۆ ەپەرەپێدانی تواناکان وئاڵوگۆڕی کلتوریی ودروستکردنی دیالۆگ وپردی پەیوەندیی ولێکنزیکبوونەوە لە نێوان بەشداربووانی ناوخۆ وئەکادیمستان ودامەزراوە هونەرییەکانی ئەوروپا بەگشتیی ونەمسا بەتایبەتیی بەو پێیەی پڕۆژەکە بیرۆکەیەکی هاوبەشی هەر یەك لە بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی و بەڕێوەبەری دامەزراوەی هنتەرلاندی ڤیەننای پایتەختی نەمسابوو. هەروەها ئاماژەی کرد بۆ ئەوەی کە لەگەڵ (د.گۆدرون) بەڕێوەبەری هنتەرلاند لە ئامادەکارییدان بۆ کردنەوەی پێشانگایەکی هاوبەش لە گەلەری ئێستا لە داهاتوودا وەك یەکێك لە ئەنجامە کردارییەکانی ئەو لێکنزیکبوونەوە بەرچاوەی لە نێوان کارگەی کلتور و هنتەرلانددا بەدییهات.لە کۆتایی دیدارەکەشدا، بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی هیوای سەرکەوتنی بۆ هەموو بەشداربووان خواست لە کار و پڕۆژەکانی داهاتوویاندا و  بڕوانامەی بەشداریکردنی پێشکەشکردن.