بەسەرهاتی منداڵانی هەڵەبجە و ئەنفال دەبنە بەشێك لە كتێبێكی وێنەیی لە فەرەنسا.

 مەینەتییەكانی ژمارەیەك لە منداڵانی هەڵەبجە لە بۆردومانی شاری هەڵەبجە بەچەكیی كیمیایی و شاڵاوەكانی ئەنفال (1988)  دەبنە بەشێك لە كتێبێكی وێنەیی بە ناوی (تەقینەوەكان : منداڵیی لە جەنگدا -Déflagrations :enfances en guerre). 

كتێبەكە سەربوردێكی جیهانیی وێنەییە  بۆ تۆماركردنی كارەسات و نەهامەتییەكان لە چاوی منداڵانەوە بە درێژایی 100 ساڵ لە جەنگ لەسەر تاسەری جیهاندا. لە هەنگاوێکدا بۆ ئاشنابوونی خەڵك بە روانین و نیگاكانی منداڵان و ئەو تابلۆیانەی بەدەست وپەنجەی خۆیان كێشاویانە،لە 6-10-2017 دا پێشانگەیەكی هونەریی لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بۆ وێنەكانی نێو كتێبەكە كرایەوە .

بەشێكی ئەم كتێبە ، كە رێكخراوی ZERANE CONFLUENCE ARTISTIQUE  بەسەرۆكایەتیی ژان پیێر ئالدیدان دامەزرێنەری رێكخراوەكە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا چاپ و بڵاویكردۆتەوە ، جێدەست و هەوڵ و ماندووبوونی د.عوسمان قادر ئەحمەد لێپرسراوی بەشی هونەر لە مەڵبەندی كوردۆلۆجیی زانكۆی سلێمانیی لە خۆدەگرێت.

د.عوسمان كە ساڵی 2013 بڕوانامەی دكتۆرای لە هونەردا لە Chelsea College of Arts  لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەدەستهێناوە بە بایەخەوە باس لە گرنگیی ئەم كتێبە دەكات كە تیایدا وەك خۆی دەڵێت " توانیم شایتحاڵیی منداڵانی هەڵەبجە لە مەرگەساتی بۆمبارانی هەڵەبجە و ئەنفال (1988) لەم كتێبەدا تۆمار بكەم".

د. عوسمان ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە كە سەرچاوەی پەیوەندییەكەیان بەو رێكخراوەوە و تۆماركردنی شایەتحاڵیی منداڵانی هەڵەبجە و ئەنفال لەو كتێبە مێژووییە هونەرییەدا ، بۆ تۆمارێكی ڤیدیۆیی دەگەڕێتەوە كە تایبەت بووە بە پێشانگای هونەریی منداڵانی رزگاربووی هەڵەبجە كە ساڵی 1989 لە كەمپێكی نزیك شاری سەقز لە رۆژهەلاتی کوردستان كراوەتەوە. دواتر بەسەرپەرشتیی د. عوسمان قادر ئەحمەد لە مۆزەی هاوچەرخی تارانیش نیشاندراوە.

كتێبی " تەقینەوەكان : منداڵیی لە جەنگ" دا لە كتێبخانە جیهانییەكان بەردەستە و لەرێی ئەمازۆنیشەوە بە ئینتەرنێت دەستدەكەوێت.