نووسەری كتێبی (دواین جینۆسایدى ئێزیدییەكان) سەردانی مەڵبەندی كوردۆلۆجی دەكات
 
      رۆژی شەممە 2018/11/17 ( د.ئێمی ئێڵ بیم ) چالاكوانی مافەكانی مرۆڤ و نووسەری كتێبی (دواین جینۆسایدى ئێزیدییەكان) لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ شاری سلێمانی ، سەردانی مەڵبەندی كوردۆلۆجی زانكۆی سلێمانی كرد.
مەبەست لەو سەردانەی خاتوو ئێمی بینینی ئەو كارە هونەرییانەی (د.عوسمان ئەحمەد قادر) لێپرسراوی بەشی هونەری مەڵبەندی كوردۆلۆجی بوو كە گوزارشت دەكەن لە تاوانی جینۆسایدی دەیان هەزار كەس لە خەڵكی كوردستان لە شاڵاوەكانی ئەنفالدا كە ساڵی 1988 لە لایەن هێزەكانی سوپای رژێمی لەناوچووی بەعسەوە كرایە سەر چەندین شارۆچكە و گوندی كوردستان.

     هەر لە مەڵبەندی كوردۆلۆجی خاتوو ئێمی سەردانی ستۆدیۆی تایبەتی د.عوسمانی كرد، ئەو ستۆدیۆیەی لە ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ئاگركەوتنەوەوە سووتا و چەند كارێكی تری هونەری د.عوسمانی لەخۆگرتبوو.
دوای كۆتایی هاتنی سەردانەكەشی بۆ مەڵبەندی كوردۆلۆجی، خاتوو ئێمی مۆنیمێنتی ئەنفالی لە شەقامی شەهید د.قاسملۆ لە نزیك شاری جوان بەسەركردەوە كە یەكێكی ترە لە كارە ناوازەكانی ( د. عوسمان قادر) دەربارەی ئەنفال.

     دەربارەی ئەو سەردانەی بۆ مەڵبەندی كوردۆلۆجی و بینینی كارە هونەرییەكانی (د.عوسمان)،  (د. ئێمی ئێڵ بیم ) بە دەستنووسێكی كورت گوزارشتی لە هەست و بیر وبۆچوونی خۆی كردووە، ئەمەش دەقی دەستنووسەكەی خاتوو ئێمییە :
     یەك هەزار لاپەڕە لە وشە ناتوانن گوزارشت لە هەستم بكەن دەربارەی هونەرەكەی د.عوسمان، كاتێك چوومە یەكەم ژوورەوە كە تابلۆیەكی رەنگ رەشی ریزێك خەڵكی وەستاوی تێدابوو، ئازارێكی قوڵ دڵمی گوشیی و ناچاربووم بچمە دەرەوە بۆ هێوركردنەوەی دڵم، گەڕامەوە و كەوتمە خوێندنەوەی فیگەرەكان كە تراژیدیای هەموو جینۆسایدێكیان بەرجەستەدەكرد... خەڵكانێك ڕێدەكەن و جل و بەرگەكانیان داوە بە كۆڵیاندا، ئازارێكی بەسوێ‌ هەیە لە رزگاربووانی جینۆسایددا كە لە یەك بە یەكی كارە هونەرییەكاندا لێرە نماییش كراون. عوسمان هونەرمەند و زانستخوازێكی ناوازەیە .
لەگەڵ خۆشەویستیی و پێزانینم .

د. ئێمی ئێڵ بیم

نووسەری دواین جینۆسایدی ئێزیدییەكان

2018/11/17

    شایانی باسە د. ئێمی چالاكوانێكی خۆبەخشی ماندوو نەناسە و گرنگی داوە بە كێشەكانی كورد و كوردستان و چەند ساڵێك لە باكوری كوردستان ژیاوە و ئێستا ناوی لە لیستی رەشی دەوڵەتی توركیادایە و ناتوانێت سەردانی توركیا بكات، لە سەرەتای سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شامدا ناسراو بە داعش گرنگیداوە بە ژیان و كێشەكانی ئێزیدییەكان و داكۆكیی لە مافەكانیان كردووە بە پەیداكردنی هاوكاریی مرۆیی و مەیدانیی بۆ رزگاربووان لە شاڵاوی داگیركاریی ئەو تاقمە تێرۆریستە.
هەر لەو ماوەیەدا د. ئێمی چەندین دیدار و چاوپێكەوتنی ئەنجامداوە لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لەو ژن و كچە ئێزیدییانەی لە جینۆسایدی ئێزیدییەكان لە شەنگال رزگاریان بوو، كتێبەكەشی كە بە ناوی " دوواین جینۆسایدی ئێزیدییەكان"ەوەیە كتێبێكی پڕ زانیاریی و مەیدانییە كە لەسەر بنەمای ئەو دیدار و چاوپێكەوتنانە نووسراوە.