بە هاوکاری مەڵبەندی کوردۆلۆجی ، پانێڵی ئەزموونی ژنانی هونەرمەند وڕوانگەی ژنۆلۆژیی بەڕێوەچوو

  
  
  

ڕۆژی یەکشەممە 10 2021/1/بە ئامادەبوونی (د.عوسمان قادر ئەحمەد) بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی-زانکۆی سلێمانی، پانێڵی ئەزموونی ژنانی هونەرمەند وڕوانگەی ژنۆلۆژیی بەڕێوەچوو کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژیی بەهاوکاریی مەڵبەندی کوردۆلۆجی لە (هۆڵی داود بەگی جاف) بۆ هەر دوو هونەرمەند (ڕۆژگار مستەفا) و(زەهرا دۆغان) و نووسەر(ناگیهان ئاکارسەڵ) ڕێکیخست.

 لە سەرەتای پانێڵەکەدا، بەڕێوەبەری پانێڵ خەندە حەمید بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد وسوپاسی مەڵبەندی کوردۆلۆجی و(د.عوسمان قادر)ی هونەرمەند وئەکادیمیستی کرد کە هاوکاری کردن بۆ سازکردنی پانێڵەکە. پاشان کورتە ڤیدیۆیەکی دۆکیومێنتەریی لە بارەی مێژووی دامەزراندن وئامانج  وکارەکانی  ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژییەوە نمایشکرا. دواتر دەرفەت درا بە بەشداربووانی پانێڵەکە بابەتەکانیان پێشکەش بکەن.

 سەرەتا ڕۆژگار مستەفا هونەرمەند ومامۆستا لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی بابەتێکی بەناونیشانی "کردەی هونەریی وەك هەڵوەستەیەك" پێشکەشکرد وتێیدا لە چەند ویستەگەیەکدا باسی لە ئەزموونی خۆی کرد لە ڕوانگەی پرۆژە هونەرییەکانییەوە کە بوێرانە هەوڵیداوە بە بیرێکی ڕەخنەگرانەوە هونەر بباتە ناو جەماوەرەوە بۆ گەیاندنی پەیامە ڕەخنە ئامێزەکانی. لەو ڕووەوە  جەختی کردەوە کە لەڕێی هونەرەوە دەتوانن پەنجە بخەنە سەر کێشەکان بۆ چارەسەرکردنیان.

لە بەشی دووەمی پانێڵەکەدا هونەرمەند و ڕۆژنامەنووس زەهرا دۆغان بابەتەکەی کە بە ناونیشانی "هونەر وشوناس"ەوە  بوو پێشکەشکرد و تێیدا باسی لە نەهامەتیی و کوێرەوەرییەکانی گەلی کوردی لە تورکیا کرد. لەو  بارەیەشەوە ئەزموونی خۆی باسکرد کە وەك ژنێکی کورد لە زینداندا بووە و بەردەوام لەڕێی تابلۆکانییەوە گوزارشتی لە سەختییەکانی ژیانی کردووە و ئامادەبووانی ئاشناکرد بەو تابلۆ هونەرییانەی بە خوێن وڕۆژنامە وتاڵی قژ لەماوەی بەسەربردنی حوکمەکەیدا لە زیندان کێشاونی.

شایانی باسکردنە زەهرا دۆغان وەك رۆژنامەنوس وهونەرمەندێکی بوێر لە پاش بوردومانەکانی سوپای توركیا بۆ سەر شارە کوردییەکانی نوسەیبین وئامەد، تابلۆیەکی بەکارهێنا کە فۆتۆیەکی وێرانکارییەکانی پاش ئەو بۆردومانانە بوو بە زیادکردنی ئاڵای تورکیا بۆسەر خانووە وێرانکراوەکان. ئەوەش بووە هۆی کاردانەوەی توندی دەسەڵاتدارانی تورك تا ئەو ڕادەیەی  دۆگان درا بەدادگا و حوکمی بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا. لەو ماوەیەشدا کە لەزینداندا بوو بەبێ ئاگاداربوونی خۆی، تابلۆکەی لە میدیا ورۆژنامەکانی جیهاندا کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە ودەسەڵاتی تورکیای خستە بەر شەپۆلێکی جیهانیی لە نیگەرانیی وناڕەزایی وگوشاری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەناوەوە ودەرەوەی ئەوروپا وئەنجامەکەی ئازادبوونی زەهرا دۆگان بوو کە خاوەنی چەندین وێنە و تابلۆی ناوازەیە و هەندێکیان لە سەر بەرگی کتێب و گۆڤارەکانی ژنۆلۆژیی دانراون.

هەر لەو پانێڵەدا ناگیهان ئاکارسەڵ ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژیی و نووسەر لە گۆڤاری ژنۆلۆژیی لە بابەتێكدا بەناونیشانی "ڕوانگەی ژنۆلۆژیی بۆ هونەر" هۆکارەکانی دامەزراندن وئامانجەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژیی خستەڕوو . ڕوناکیشی خستە سەر بەرخۆدانی ژنانی کورد لە رۆژئاوا وباکوری کوردستان بەتایبەت ئەو پرۆژە هونەرییە جوان وسەرکەوتووانەی  ئەنجامیانداوە لەگەڵ دامەزراندنی پەیوەندییەکی  نێودەوڵەتیی بەهیز کە هۆکار بووە بۆ ئەوەی لە چەند وڵاتێکدا سەنتەریان هەبێت.

ئاکارسەڵ  باسی ڕۆڵی هونەریشی کرد لە پیرۆزکردن و نیشاندانی جوانییەکانی ژیاندا و هونەری وەك پردێك بۆ بەردەوامی ژیان پیناسەکرد . ئاماژەی بەوەشدا کە ژنۆلۆژیی یان زانستی ژن وەك هزر نوێ نییە وبناغەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوپێش بەو پێیەی دیموکراسیی و ئازادیی ژن وژینگەدۆستیی لە کرۆکی جیهانبینییەکەیدان. دووپاتیشی کردەوە کە ژنۆلۆژیی لەبنەڕەتدا گەڕانە بەدوای چۆنییەتی ژیان وداڕشتنی ڕێبازی ژیانێکی دروستدا و پێویستە لەسەر کلتوور وفەرهەنگی هەر نەتەوەیەك خۆی بنیادبنرێت نەك لەسەر کلتووری بێگانە.

 لە دوای پێشکەشکردنی دوا بابەتی پانێڵەکەش، کە ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانان و هونەردۆستان ئامادەی بوون، ئامادەبووان وبەشداربووان سەرنج و بیر وڕاکانیان بە پرسیار و وەڵام خستەڕوو و بەوەش پانێڵەکە کۆتاییهات.

لە پاش کۆتایی هاتنی پانێڵەکەش خاتوو (مەهاباد جەمال) کە هونەرمەندێکی بواری سیرامیکە بۆ دەربڕینی سوپاس وپێزانین وپشتیوانیی خۆی بۆ بەشداربووانی پانێڵکە، بەرهەمێکی سیرامیکی وەك یادگار پێشکەشکردن.

بۆ خوێندنەوەی کورتەیەك لە ژیاننامەی هەر سێ پانیڵیست دەتوانن سەردانی لاپەڕەی فەرمی ژنۆلۆژیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیس بووك بکەن بەم بەستەرانەی خوارەوە.




https://www.facebook.com/%DA%98%D9%86%DB%86%D9%84%DB%86%DA%98%DB%8C682738882123729/photos/a.1156699964727616/1185428851854727


https://www.facebook.com/%DA%98%D9%86%DB%86%D9%84%DB%86%DA%98%DB%8C-682738882123729/photos/a.1156699964727616/1185224068541872


https://www.facebook.com/%DA%98%D9%86%DB%86%D9%84%DB%86%DA%98%DB%8C-682738882123729/photos/a.1156699964727616/1185473995183546