بە هاوکاری مەڵبەندی کوردۆلۆجی لە ڕۆژی جیهانی کەمئەنداماندا  سیمینارێك سازدەکرێت

 



        ڕۆژی پێنج شەممە  ٢٠٢٠/١٢/٣ لە هۆڵی (داودبەگی جاف)ی مەڵبەندی کوردۆلۆجی – زانکۆی سلێمانی ، گروپی خوێنەری بچووك لە ڕۆژی جیهانی کەمئەنداماندا بەهاوکاریی مەڵبەندی کوردۆلۆجی سیمینارێکی هاوبەشی  لەگەڵ ڕێکخراوی دەنگی ئۆتیزم سازکرد .


 سیمینارەکە لەدوو تەوەر پێکهاتبوو ، یەکەمیان بەناونیشانی منداڵ و توندوتیژیی بوو کە لەلایەن (د.تابان محمد سعید حسن) مامۆستای زانکۆ و ڕێکخەری گروپی خوێنەری بچووکەوە پێشکەشکرا. دووەمیشیان بەناونیشانی هەندێك ڕێنمایی و زانیاریی لەسەر منداڵانی ئۆتیزم بوو کە (سۆکار بەهادین) پێشکەش بە ئامادەبووانی  کرد.

 لەو بارەیەوە د.تابان محمد سعید لە لێدوانێکی کورتدا ڕایگەیاند لە سیمینارەکەدا هەموو جۆر و شێوازەکانی توندوتیژیی بەرامبەر منداڵان ڕوونکرانەوە و ئاکام و دەرئەنجامەکانیشیان خرانەڕوو. وەك پێشنیازێکیش ڕێنمایی دایکان وباوکان ومامۆستایان وکۆمەڵگە بەگشتیی کرا کە خۆبەدوور بگرن لە پەنابردن بۆ توندوتیژیی  بەرامبەر منداڵ چونکە هەم ئاسەواری جەستەیی وهەم ئاسەواریی دەروونی خراپ بەجێدەهێڵێت.

هەر سەبارەت بەو سیمینارە، بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی خۆشحاڵیی دەربڕی کە مەڵبەندەکەیان لەسۆنگەی  خەمخوریى و ڕێزگرتن لە بەها مرۆییەکانەوە توانی میوانداریی ئەو سیمینارە بکات وەك ئەرکی خۆی بۆ پشتيوانیى له کەسانی خاوەن پێداويستیى تایبەت. هەروەها وتی " خۆشحاڵین بەوەی هاوكاری ئەو کەسانە بين و خزمەتيان بكەين له بەیەكگەيشتن وکۆبوونەوەیان تا بتوانن  خاڵە هاوبەشەكانيان بكەنە پردێك بۆ ڕەواندنەوەی خەمەکانیان و سوککردنی بارى دەروونيان و به ئاگابوونيان له باشترين رێگەى زانستیى له خزمەتكردنى منداڵانى ئۆتیزم و خاوەن پێداويستیی تا يبەت "


شایانی باسە (خوێنەری بچووك) گروپێکی خۆبەخشه کە سەر بە ڕێکخراوی شکۆیە وئامانجی بەکلتورکردنی خویندنەوەیە لای منداڵان بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی خوێنەر وهۆشیار کە بڵاوکردنەوەی خۆشەویستیی و ڕێز ئاکار وئادگاریان بێت. ڕێکخراوی دەنگی ئۆتیزمیش ڕێکخراوێکی خۆبەخشی وپەروەردەییە بۆ خزمەت کردنی مندالانی ئۆتیزم و خاوەن پیداویستیی تایبەت