بە بەشداریی بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی

پێشانگای شێوەکاریی هاوبەشی هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە پۆڵەندا کرایەوە










ڕۆژی شەممە  26 ـی تشرینی دووەمی 2022 لە شاری "بیدگۆشچ"ـی پۆڵەندا ، فێستیڤاڵی ساڵانەی هونەریی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان دەستی بەکارەکانی کرد کە ئەم ساڵ تایبەتکراوە بە نەتەوەی کورد بە ناوی (كوردستان ڕووخساره‌كانی ڕزگاربوون) و تا  31ی  ئاداری ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

 لە دەستپێکی ئەو فێستیڤاڵەدا و بە ئامادەبوونی پارێزگار وجێگری پارێزگاری (بیدگۆشچ) و بەرپرسانی باڵای حکومەتی خۆجێیی و ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان وهونەردۆستان و ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران وپشتیوانانی گەلی کوردستان و زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتە، حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیریی ولاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەورەترین پێشانگای شێوەکاریی هاوبەشی هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی کوردستانی لە پۆڵەندا کردەوە كه‌ یەکەم پێشانگای لەو جۆرەیە تا ئێستا كرابێته‌وه‌.

 لەو بارەیەوە  (د.عوسمان قادر ئەحمەد) بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی کە بە چەند کارێکی هونەریی بەشدارییکردووە لە پێشانگاکەدا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا ڕایگەیاند لە کردنەوەی پێشانگاکەدا هەریەك لە وەزیری ڕۆشنبیریی ولاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وبەڕێوبەری مۆزەخانەی (ئۆکرێنگۆڤی) شاری "بیدگۆشچ"و پارێزگار وجێگری سەرۆکی هەرێمی کوجاوسکۆ پۆمۆرسکی وخۆیشی وەك نوێنەری هونەرمەندان وتەیان پێشکەش کرد. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ئەو لێپرسراوە پۆڵەندییانە کە سپۆنسەری سەرەکیی پڕۆژەکەن لە وتەکانیاندا پشتگیریی و پشتیوانیی خۆیان بۆ گەلی کوردستان دەربڕی. هەروەها گرنگیی و پێویستیی بەردەوام بوونی پەیوەندییەکانی نێوان  پۆڵەندا وهەرێمی کوردستانیان دووپاتکردەوە لە بوارەکانی ئەدەب وهونەردا. بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیی هەموو جۆرە هاریکارییەکیان نیشاندا بۆ ئەنجامدانی کاری زیاتر بۆ باشتر ناساندنی ئەدەب وهونەر وکلتوری کورد پاش زیاتر لە سەدەیەك لە دابەشکردنی خاکەکەی و مانەوەی وەك گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی باشتر بۆ هاریکاریی و پشتیوانیی گەلی کوردستان.

 هەر بە بۆنەی کردنەوەی پێشانگاکەوە، هونەرمەند (د. عوسمان قادر) بە ناوی هونەرمەندانی بەشداربووەوە وتەیەکی پێشکەشکرد تیایدا سوپاسی مۆزەخانەی "ئۆکرێنگۆڤی" لە شاری  (بیدگۆشچ) و (ڤاچلاڤ کوچمە) بەڕێوەبەری مۆزەخانە و ڕێکخەری پێشانگاکە و (زیاد ڕەئوف) سەرپەرشتیار و خاوەنی بیرۆکەی پێشانگاکە کرد.  دووپاتیشی کردەوە کۆکردنەوەی کاری گروپێك هونەرمەندی ناوداری خاوەن ئەزموونی جیاواز لەدەرەوە وناوەوەی کوردستان کە ڕەنگدانەوەی بێ وڵاتیی وئاوارەیی ونا دادپەروەریی ناوچەیی ونێودەوڵەتیی بن کارێکی پڕ بایەخە چونکە هونەرمەندان لە ڕێی داهێنانی هونەرەکەیانەوە پەیامی ژیاندۆستیی وجوانیی دەنێرن لە پێناو بەرقەرارکردنی ئاشتیی و دروستکردنی پردی پەیوەندیی و قبوڵکردنی بیری جیاواز. داواشی کرد وەزیری ڕۆشنبیریی پەیام و بایەخ وگرنگیی پرۆژەکە بگەیەنێت بە ئەنجومەنی وەزیران وبەڕێزانی مۆزەخانە و ڕێکخەری پرۆژەکەش کار بکەن بۆ گواستنەوەی ئەو ئەزموونە بۆ ووڵاتانی تر و لایەنی پەیوەندییداری تریش ئاگادار بکەن بۆ هاریکاریی و هەماهەنگیی لەوانە یەکێتیی ئەوروپا و ئەنجومەنی هونەریی بەریتانیی.

 هەر لەو ڕێوڕەسمەدا، بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی ماکێتی مۆنیومێنتی ئەنفالی پێشکەشکرد بە بەڕێوەبەری مۆزەخانە کە بووە جێی خۆشحاڵیی و بەڵێنی دا لە ئاییندەدا لە شارەکەیاندا بەشێوەی مۆنیۆمێنت هاوشێوەی شاری سلێمانی دابنرێت.

 بڕیاریشە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فێستیڤاڵدا زنجیرەیەك سیمینار و دیدار و نمایشی فیلم ئەنجام بدرێت لەسەر ڕەوشی ئەدەب و هونەر لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا.

 بە پێی زانیارییەکان هونەرمەندانی بەشداربووی بەشەکانی تری کوردستان کە دەبوو لە کردنەوەی پێشانگاکەدا ئامادەبن ، بێ بەش بوون لەو دەرفەتە بەهۆی پێنەدانی ڤیزاوە بۆ سەردانی پۆڵەندا. لە کاردانەوەیەکیشدا بەرانبەر بەو هەڵوێستەی قونسولخانەکانی پۆڵەندا لێپرسراوانی ئامادەبووی کردنەوەی پێشانگاکە داوای لێبووردنیان کرد و ڕەتکردنەوەی پێدانی ڤیزایان بەو هونەرمەندانە بەکارێکی نەشیاو دانا و بەڵێنیاندا بە دواداچوونی بۆ بکەن.