بڵاوبوونەوەی توێژینەوەیەكی ئابووریی پرۆفیسۆرێكی مەڵبەندی كوردۆلۆجی و مامۆستایەكی یاریدەدەری زانكۆی سلێمانی لە گۆڤارێكی زانستیی ئیماراتییدا.

مانگی رابردوو لە ژمارە 35ی گۆڤاری هونەرەكان ووێژە وزانستە مرۆڤایەتییەكان وكۆمەڵناسیی ئیماراتییدا، توێژینەوەیەكی هاوبەشی پرۆفیسۆر د.محەمەد رەئوف سەعید و مامۆستای یاریدەدەر سومەییە مەحمود نەجمەدین بڵاوكرایەوە بەناوی " بە تایبەتییكردن لە نێوان خواستی بەدیهێنانی لێهاتوویی و شێواندنی سامانە گشتییەكاندا".

لە پوختەی توێژینەوەكەدا بەتایبەتییكردن بەوە پێناسەكراوە كە بریتییە لە پرۆسەی گۆڕینی شتێكی دیارییكراو لە خاوەندارێتیی گشتیی (دەوڵەتەوە) بۆ خاوەندارێتیی تایبەت.ئامانجی توێژینەوەكەش خستنەڕووی بایەخی بەتایبەتییكردن و ئەو هەنگاوانەیە كە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ سەرخستنی پرۆسەكە بە پێی ئەو پلانەی بۆی دادەنرێت و لەپێناو بەدوور گرتنی لە بەدگومانیی. لە هەمان كاتیشدا توێژینەوەكە بایەخی داوە بە پێویستیی خۆلادان لەو مەترسییانەی دەشێت پرۆسەكە دووچاریان بێت لەكاتی جێبەجێكردنییدا لەپاڵ ئەگەری بەكارهێنانی وەك پاساوێك بۆ دەستگرتن بەسەر پرۆژە گشتییەكاندا لە ڕێی بەیەكداچوونی بەرژەوەندییەكانی چینی دەسەڵاتداری گەندەڵ و لایەنەكانی دەرەوە.

لە كۆتایی ئەو تویژینەوەیەدا، هەردوو توێژەر چەند دەرئەنجام و ڕاسپاردەیەكیان خستۆتەڕوو كە هەندێكیان بەتایبەتیی پەیوەستن بە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو وئەو وڵاتەنەوە كە پێشتر رژێمی سۆشیالستیی بوون و وەرچەرخان بەرەو ئابوری بازاڕ. لەم روەوە هەردوو توێژەر بڕوایان وایە كە سەرباری هەندێك لە ئەزموونە سەرنەكەوتووەكان لەو وڵاتانەدا كە ئاماژەیان پێكرا، بەڵام كێشەكە لە بەتایبەتییكردندا نییە بەڵكو کەمووکورتی لەوانەدا بووە كە سەرۆكاریی پرۆسەكەیان كردووە كە وەك پێویست بە ئەگانەبوون لەو زەمینە و چوارچێوە كردەییانەی بۆ سەرخستی پرۆسەیەكی لەو جۆرە پێویستن یان خۆیان لە بنەڕەتەوە گەندەڵ بوون و بە درۆ و دەلەسە بانگەشەیان كردووە بۆ چاكەی گشتیی و بەرژەوەندیی نیشتمانیی.

هەردوو توێژەر جەختیشیان كردووە لەسەر ئەوەی وڵاتان بەگشتیی و تازە پێگەیشتووەكان بەتایبەتیی دەبێت یاسا و ڕێسای پێویست دابڕێژن بۆ ڕێگرتن لەوەی كەرتی گشتیی بگۆڕدرێتە سەر كەرتی بنەماڵەی دەسەڵاتداران و ئەوانەی لێیانەوە نزیكن بۆ ئەوەی پرۆسەی بەتایبەتییكردن نەبێتە پرۆسەی بەتاڵان بردنی سامانی گشتیی بە بیانووی كرانەوەی و چاكسازیی ئابووریی ئەمەش پێویستی بە دامەزراندنی دەوڵەتی یاسا و دامەزراوەكانە لەگەڵ چەسپاندنی بنەماكانی ڕوونكاریی و دیموكراسیەتێكی ڕاستەقینە.

جێێ‌ ئاماژە بۆ كردنە كە خاتوونی توێژەر سومەییە مەحمود پێشتر خوێندكاری بەشی ئابووری زانكۆی سلێمانی بووە و لە خوێندنی ماستەریشدا خوێندكاری پ.د.محەمەد رەئوف بووەكە ماوەی چەند ساڵێكە راژەكەی گواستۆتەوە بۆ بەشی توێژینەوەكانی مەڵبەندی كوردۆلۆجی پاش ساڵانێكی زۆر لە خزمەتی زانكۆیی لە بواری وانە وتنەوە وسەرپەرشتیی كردنی ماستەرنامە و تێزەكانی دكتۆرای خوێندكاران لە زانكۆی سلێمانی و زانكۆكانی تری هەرێمی كوردستان و عێراق.

بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ناوەڕۆكی توێژینەوەكە و خوێندنەوەی بەشەكانی سەردانی ئەم بەستەرە بكە: