"العربي الجدید" گۆشەی ڕۆژژمێری وەرگێڕ تایبەت دەکات بە  عەبدوڵا تاهیر بەرزنجیی

ڕۆژی 2020/9/30 ، ڕۆژنامەی  "العربي الجدید"ی چاپی لەندەن لە هەر دوو شێوازی چاپکراو و ئەلکترۆنیی خۆیدا، گۆشەی (ڕۆژژمێری وەرگێڕ)ی لە لاپەڕەی کلتوردا تایبەت کرد بە (عەبدوڵا تاهیر بەرزنجیی) ڕەخنەگر و شاعیر و وەرگێڕی ناسراوی کوردستان و لێپرسراوی بەشی ڕۆشنبیریی و وەرگێڕان لە مەڵبەندی کوردۆلۆجی – زانکۆی سلێمانی کە ڕۆژنامەکە لە شاری سلێمانی چاوپێکەوتنی لەگەڵ سازکردبوو. 

گۆشەی ڕۆژمێری وەرگێڕ وێستگەیەکی ئەو ڕۆژنامە عەرەبییەیە بۆ ئاشناکردنی خوێنەران بە وەرگێڕە بەئەزموون و شارەزاکانی زمانی عەرەبیی و گفتوگۆکردن دەربارەی کار و چالاکییەکانی وەرگێڕ لە بواری وەرگێڕاندا و بیرهێنانەوەی گرنگترین ئەو تێکست و کتێب و وتارانەی وەریگێڕاونەتە سەر زمانی عەرەبیی یان بۆ سەر زمانی دایك لە عەرەبییەوە.

لەو بوارەدا ڕۆژنامەکە کۆی دەقی چاوپێکەوتنەکەی لە وەشانی چاپکراو و بەشێکی زۆری لە وەشانی ئەلکترۆنییدا بڵاوکردۆتەوە کە گفتوگۆیەکی بەپێز و گرنگ لەخۆدەگرێت لەمەڕ وێستگەکانی سەرەتا و کاروانی پڕ بەرهەمی ئەو وەرگێڕە شارەزا و بەئەزموونەی کوردستان و عێراق و شێوازی تایبەت بە خۆی لە هەڵبژاردنی بەرهەمەکاندا بۆ وەرگێڕان کە بە هەر سێ زمانی کوردیی و فارسیی و عەرەبیی نوسراون و چاپ و بڵاوکراونەتەوە.

بۆ خوێندنەوەی چاوپێکەوتنەکە لە  بەشی چاپکراو و ئەلتکترۆنیی ڕۆژنامەکەدا کلیك لە سەر ئێرە بکە .